کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی پەرستارانی نەخۆشخانە حکوومیەکان لە ئێران بەردەوامە

10:30 - 21 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژ، پەرستارانی نەخۆشخانەکانی چەندین شار لە ئێران، بۆ شەشەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیدەربڕێن بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان مانیان گرت و لە شوێنی کارەکانیان کۆ بوونەوە.

ئەو پەرستارانە ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە تایمی درێژی کاری و مووچەی کەم، کەمیی کاتی زیادە، زیادە کاری و وڵامنەدانەوەی وەزارەتی تەندروستی و چارەسەری پزیشکی و پەروەردەی پزیشکی دربڕی و مانیان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە شیرازەوە، شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی پەرستاران لەم شارە بووە هۆی چۆڵبوونی نەخۆشخانە حکومییەکان، جگە لە بەشی فریاکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی نەشتەرگەرییەکان لەو نەخۆشخانەیە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی، پەرستارانی نەخۆشخانە حکومییەکانی شیراز چوونەتە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیان و لە ناڕەزایەتی بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان لە شوێنی کارەکانیان مانیان گرت.

پێشتریش، لە ماوەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ تا ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژ، پەرستارانی نەخۆشخانەکانی چەمران، ئێبن سینا، ڕەجایی، ئوستاد موحەرەری و قەلبی ئەلزەهرا، کارەکانیان وەستاند و مانیان گرت.

پەرستاران لە ئێران بە بەردەوامی لە بەردەم زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکان لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێران لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە بارودۆخی خراپی کار و چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕزایەتییان بەڕێوە بردووە.

 ئەم مانگرتنانە کە لە ١٥ی ٥گەلاوێژەوە دەستیان پێکرد، تا ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی شارەکانی وەک ئابادە، تەورێز، زەنجان، شیراز و فەسا بەردەوامە.