کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی ''نا بۆ سێدارە''ی ئێرانییانی نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات

10:52 - 21 گەلاوێژ 2724

کۆمەڵێک لە کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتانی جیاجیا لەوانە ئاڵمان و سوید لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییدا لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی زیندانی سیاسیی کوردیان مەحکووم کرد و دژایەتییان بۆ سزای لەسێدارەدان دەربڕی.

خۆپیشاندەران وێڕای مەحکوومکردنی هەر حوکمێکی لەسێدارەدان، داوای ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی دیکەیان لە زیندانەکانی ئێران کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کەمپەینەکانی "نا بۆ لەسێدارەدان" لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند.

ڕەزا ڕەسایی زیندانیی سیاسی کورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ، بەبێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەر لە زیندانی دێزڵاوا لە کرماشان لە سێدارە درا.

هەروەها خۆپیشاندەران لە کوبوونەیەوەدا پشتیوانیان لە مەحموود مێهرابی زیندانیی سیاسی خەڵکی ئێسفەهان کرد کە لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی ''ژن، ژیان، ئازادی'' دەسبەسەر کرا و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا بەشێک لە زیندانییانی سیاسیی ژن و چالاکانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و نیگەرانی لەهەمبەر لەسێدارەدانی زیاتر کەمپەین و گردبوونەوەیان ڕێک خستووە.

لەسێدارەدانی زیاتر لە ٢٠ کەس لە زیندانی قزڵحەسار، پشتڕاستکردنەوەی ٦ حوکمی لەسێدارەدانی دیکە بۆ زیندانییانی سیاسی لە زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەد، هەروەها حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی، دوو چالاکوانی مەدەنیی ژن، نیگەرانییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە .