کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی سەدان مووشەکی بالستیکی دیکە دەفرۆشێتە ڕووسیە

11:22 - 21 گەلاوێژ 2724

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە باس لە فرۆشتنی سەدان مووشەکی بالستیک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕووسیە دەکات.

ئەم هەواڵدەرییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئاگادارەوە نووسیویەتی کە دەیان کادری سەربازیی ڕووسیە چوونەتە ئێران تاکوو بۆ کەڵکوەرگرتن لە مووشەکە بالستیکە کورتمەوداکانی "فەتحی ٣٦٠" ڕاهێنانیان پێ بکرێت.

ئەم سەرچاوە زیادی کردووە چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کە کۆماری ئیسلامی بەم زووانە سەدان مووشەکی بالستیک لەم جۆرە بفرۆشێتە ڕووسیە.

لەم پێوەندییەدا وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پشتیوانیکردن لە شەڕی داگیرکەرانەی ڕووسیە بەدژی ئۆکراین، کاردانەوەی ئەمریکا و ناتۆ و گرووپی جی ٧ی لێ دەکەوێتەوە.

لە هەمان کاتدا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە هاوبەشیی ستراتێژیکی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ئێران تا کۆتایی شەڕی ئوکڕاین لە ڕادەستکردنی هەر چەشنە چەکێک کە لەو شەڕەدا بەدژی ۆکراین بەکار ببرێت خۆ دەبوێرێت.

ئەم ئیدعایەی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە پێشتر بەکارهێنانی دڕۆنەکانی دروستکراوی ئێران بەتایبەتی دڕۆنی شاهێدی ١٣٦ لەلایەن ئەرتەشی ڕووسیەوە لەم شەڕەدا بە دەیان جار پشتڕاست کراوەتەوە.

هاوکات کۆماری ئیسلامی هۆشداریی نۆتامی لە ڕۆژەکانی ٢١ تا ٢٤ی گەلاوێژ لە نزیکی پایگای نۆژەی هەمەدان دەرکردووە.

پایگای ئاسمانیی نۆژەی هەمەدان پێشتر لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینییدا ڕێگەی بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیە دابوو تاکوو لەو بنکەیە بۆ کردنە ئامانجی گرووپە دژبەرەکانی بەشار ئەسەد لە سووریە، کەڵک وەربگرن.

لەئێستادا ئەو گومانە هەیە کە هێزەکانی ڕووسیە بۆ جارێکی دیکە بەمەبەستی ڕاهێنان و کەڵکوەرگرتن لە مووشەکە بالستیکەکانی فەتحی  ٣٦٠ چووبێتنە ئەم پایگا سەربازییە.