کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئەنجومەنی پێنووسی ئەمریکا و ڕیپۆتێرانی بێ سنوور سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی نەرگس محەممەدی

12:57 - 21 گەلاوێژ 2724

ڕیپۆرتێرانی بێسنوور لە ماڵپەڕی ئیکسدا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی نەرگس محەممەدی پاش هێرشی هێزەکانی بەندیخانەی ئێڤین، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و خوازیاری ئازادکرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بوون.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ و پاش لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد کە دواتر هێزە سەرکوتکەرەکانی بەندیخانە هێرشیان کردە سەر ژنانی بەندکراو و لە ئاکامدا نەرگس محەممەدی و ١٦ بەندکراوی دیکە بریندار کران.

نەرگس محەممەدی پاش هێرشی هێزەکان تووشی کێشەی دڵ و هەناسە بووە و دەست و سینگی شین هەڵگەڕاوە.

هەروەها ئەنجومەنی پێنی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی بەندیخانە بۆ سەر محەممەدی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە پاش هێرشی گاردی بەندیخانە دۆخی تەندروستیی نەرگس و هاوبەندییەکانی خراپە.

بەیاننامەکە زیادی کردووە لانیکەم ١٠ مانگە بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین بە بێبەشکردنی محەممەدی لە چاوپێکەوتن و قسەکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی، تۆڵەی قسەکانی نەرگسیان سەبارەت بە ئازار و ئەشکەنجە لە بەندیخانەکە لە ناوبراو کردووەتەوە.

شایانی باسە کە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین لە چوارچێوەی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بووە کە لە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە لە بەندیخانەی قزڵحەسارەوە و بەمەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی لەهەمبەر لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم دەستی پێ کرد.