کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەستی بەسەر دەیان میلیارد تمەن سامانی چالاکێکی سیاسیدا گرت

17:08 - 21 گەلاوێژ 2724

بەپێی ڕاپۆرتێک کە کوردپا بڵاوی کردووەتەوە هەموو سامانی کاوە عەزیزی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی ئێران کە دەیان میلیارد تمەن خەمڵێندراوە، بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دادگای کرماشان دەستی بەسەردا گیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دوو ماڵی کاوە عەزیزی لە کرماشان و جوانڕۆ بە نرخی ٤٠ و ١٥ میلیارد تمەن دەسبەجێ دوای چوونەدەرەوەی لە ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە. هەروەها هەموو کەلوپەلی ماڵەکانیشی دەستیان بەسەردا گیراوە و دەفرۆشرێن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەپێی فەرمانی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "فەرهاد عەلیخانی"، دوو ماشینی "پژۆپارس" و "تۆیۆتا ڕافۆر"ی کاوە عەزیزی بە قازانجی "ستادی ئیجرائی فەرمانی خومەینیی کرماشان" دەستی بەسەردا گیراوە. بەپێی بەڵگەی ئەم فەرمانە دادوەرییە، "مەسعوود عەبدی‌فەرد" وەکوو نوێنەری "ستادی ئیجرائی فەرمانی خومەینیی کرماشان" لە پۆلیسی "ڕاهوەر" ناسێندراوە و وەکوو بەرپرسی ئەم کارە دیاری کراوە. هەروەها بەڵگەیەک لە پێناسی "مەسعوود عەبدی‌فەرد" وەکو کارناسی سامانی گوازراوی "ستادی ئیجرائی فەرمانی خومەینیی کرماشان" بە دەستی کوردپا گەیشتووە.

کاوە عەزیزی خەڵكی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی کرماشان، دوابەدوای دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی لە پووشپەڕی ١٤٠١دا، ئێرانی بەجێ هێشتووە.

تاکوو ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار هەوڵیان داوە کە ئەم چالاکە سیاسییە لەژێر گوشار و هەڕەشەدا، بگەڕێننەوە بۆ ئێران.