کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی بەردەوامی کارەبا و ناڕەزایەتیی کاسبکاران و خەڵکی سنە

17:10 - 21 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی بێوێنەی پلەی گەرما لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراندا، پچڕانی بەردەوام و بێ بەرنامەی کارەبا لە سنە، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و بازاڕییانی ئەم شارەی بەدواوە بووە.

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سنە لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر پچڕانی بەردەوامی کارەبا لەم شارە و ڕایگەیاندووە کە نەبوونی کارەبا و ئاگادارنەکردنەوەی زۆرینەی خەڵک و کاسبکاران لە پجرانی کارەبا لە سنە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

کوژاندنەوەی کارەبا بۆ دەسپێوەرگرتن لە بەکارهێنانی کارەبا، تاکوو ئێستا تەنیا ڕێکاری بەرپرسانی ڕێژیم و کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە بووە.

کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا لە سنە کە تەنیا ڕێگەی پێوەندیی بەکارهێنەران و خەڵکە،  پێشی لە پێدانی زانیاری سەبارەت بە ڕێژەی بەکارهێنان و کەمبوونی کارەبا لەم پارێزگایە گرتووە.

یەکێک لە هاووڵاتییان لە ناڕەزایەتیدەربرێن بە وڵامنەدانەوەی کارناسانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا وتی کە پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، هیچ وڵامێکی لەم کۆمپانیایە وەرنەگرتووە و تلفۆنی لەسەر داخراوە.

پچڕانی بەردەوامی کارەبا، ناڕەزایەتیی خەڵک و بەتایبەت کاسبکارانی لێ کەوتووەتەوە و هەندێک لە کاسبکاران لەمبارەوە ڕایانگەیاند کە بە سەرنجدان بە هەڵاوسان و دۆخی ئابووریی ئێستا و پێویستیی ڕاگرتنی هەندێ کەلوپەل لە یەخچاڵ و فریزر، ئەم پچڕانە مودیریەتنەکراوە بووەتە هۆی زیانێکی فراوان.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەپێی ڕاپۆرتی کوردستان میدیا نەبوونی ئاو و کارەبا لە بۆکان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەم پێوەندییەدا هیچ هەوڵێک نادەن.

بەپێی زانیارییەکان، کارەبا بە شێوەی دەورەیی لە گەڕەکەکان ئەپچڕێ و زۆربەی دووکاندارەکان لە بۆکان، بۆ پێشگرتن لە خراپبوونی کەلوپەلی دووکانەکانیان لە نەبوونی کارەبادا ناچارن کەڵک لە مۆتۆربەرق وەربگرن.