کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: بە باوەڕی ئیسرائیل، تاران بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژانی داهاتوو ئامادە دەبێت

10:38 - 22 گەلاوێژ 2724

ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دوایین هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو کارە بکات.

دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، عەلی خامنەیی و بەرپرسانی نیزامی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی جەختیان لەوە کردەوە کە هێرشێکی گەورەی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن.

ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە نووسیویەتی، هەڵسەنگاندنێکی نوێی هەواڵگری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری هەیە هێرشەکە پێش ئاگربەستی غەززە و وتووێژەکانی بارمتەگرتن ئەنجام بدرێت، هەرچەندە حەماس ڕایگەیاندووە کە بەشداری لە وتووێژەکان ناکات.

سەرچاوەیەکی ئاکسیۆس کە ئاگاداری هەڵسەنگاندنی ئەم دواییەی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئیسرائیلە بەم ماڵپەڕەی ڕاگەیاندووە، دۆخەکە هێشتا ناجێگرە، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ئاماژە بە گۆڕانکاری دەکەن.

به وتەی ناوبراو مشتومڕە نێوخۆییەکان له کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕەنگه ڕێژیمی ئێران بڕیارەکەی بگۆڕێت.

جگە لە ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیش هۆشداری داوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل دەتوانێت لێکەوتەی زۆر بەرچاوی بۆ ئێران هەبێت.

ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە نووسیویەتی: کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئیسرائیلیش پێیان وایە کە حیزبوڵڵای لوبنان سەرەتا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و دواتر کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.