کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێتاوانیی ئیلاهە محەممەدی و نیلووفەر حامدی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە

11:01 - 22 گەلاوێژ 2724

پارێزەرانی ئیلاهە محەممەدی و نیلووفەر حامدی ڕایگەیاندووە کە بریگرتەکانیان  لەلایەن دادگای پێداچوونەوە لە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن واتە ئەمریکا بێبەری کراون.

ئەم پارێزەرانە سەبارەت بە حوکمی ئەم دادگا زیادیان کردووە کە دوو حوکمی دیکەی ناوبراوان بە تۆمەتەکانی کۆبوونەوە و کەینوبەین دژی ئەمنییەتی وڵات و هەروەها پڕۆپاگاندە دژی نیزام لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

پێشتر دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، ئیلاهە محەممەدی ڕۆژنامەوان کە بۆ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی شەهید ژینا ئەمینی چووبووە سەقز و لەگەڵ بنەماڵەی ئەمینی وتووێژی کردبوو، بە تۆمەتەکانی هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن، کۆبوونەوە و کەینوبەین بەدژی وڵات و هەروەها پڕوپاگاندە دژی نیزام بە ١٢ ساڵ بەندکران مەحکووم کردبوو.

هەروەها نیلووفەر حامدی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی شەرق کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی بنەماڵەی ئەمینی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران دەسبەسەر کرابوو، هاوشێوەی ئیلاهە محەممەدی بەو سێ تۆمەتە ئاماژەپێکراوە بە ١٣ ساڵ بەندکران حوکم درابوو.

بێبەریکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە لەئێستادا لەکاتێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم و ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا  ئیلاهە محەممەدی و نیلووفەر حامدییان بە سیخوڕی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەقەڵەم دابوو و هەروەها زیادیان کردبوو کە ئەمانە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات لە هێندێک لە وڵاتان ڕاهێنانیان پێ کراوە.

ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە پاش ١٧ مانگ بەندکران و هەر یەک بە بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئازاد کران.