کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج کەس لە هێزەکانی سەر بە ئێران لە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر سووریە کوژران

12:37 - 22 گەلاوێژ 2724

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند، پێنج میلیشای سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە لە هێرشێکی دڕۆنیدا لە پارێزگای دێرەزوور کوژراون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ، هەواڵدەریی فەرانسە بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە نووسیویەتی لەم هێرشەدا ماشینێک کە گرووپە میلیشیاکانی هەڵگرتبوو لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریە کراوەتە ئامانج.

هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەتییەوە، کوژرانی پێنج کەسی لەم هێرشەدا پشتڕاست کردەوە.

شوێنی ڕووداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوورە و چەندین جار لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کام لەو وڵاتانە بەرپرسیارییەتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

هەروەها چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، لانیکەم ١٦ کەس کوژراون.

ئەم ڕاپۆرتە هاتووە، حەوت منداڵیش لەنێو قوربانییەکاندان. لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەی کە پێشتر باسمان کرد لە ڕۆژهەڵاتی سووریە لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی مەدەنی و حەوت میلیشیا بریندار بوون.

ئەم تێکهەڵچوونانە کە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە لە پارێزگای دێرەزووری سووریە دەستیان پێکرد و هێرشەکانی هێزە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی هەڵاتنی دانیشتووانی ناوچەکە.