شەش ڕۆژ بەسەر مانگرتنی سۆلماز حەسەنزادە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندی ڕێژیم لە شاری ورمێ تێدەپەڕێت و تا ئێستاش ناوبراو بەبێ مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. هەروەها دایک و باوکی ناوبراویش بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان کراون.
ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری خۆیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە، لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژەوە سۆلماز حەسەنزادە خوشکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، وەکوو ناڕەزاییەتی نیشاندان بە ناڕوونیی چارەنووسی و هەروەها نەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و بەردەوامیی لێپرسنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.
هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سۆلماز، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئەحمەد حەسەنزادە و دایە عەزیمە، دایک و باوکی سۆلماز، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگ کران و هەڕەشەیان لێکردوون و پێیان وتراوە کە ئەمجارە جیاوازە لە جارەکانی پێشوو، و بە سادەیی ڕزگار نابن.
لە ئێستادا ١٣ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی سۆلماز حەسەن زادە خوشکی شەهید محەممەد حەسەنزادە تێدەپەڕێ، بەڵام تا ئێستاش ناوبراو لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هەروەها لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.
دوابەدوای دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژ سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و ئەحمەد حەسەنزادەش دوای دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەحمەد حەسەنزادە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە بەڵام دۆسییەی دادوەری سۆلماز هێشتا ناڕوونە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە، لە بۆکان، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و بە توندوتیژی باوک و خوشکی ناوبراویان دەسبەسەر کرد، و بە لێدان هێرشیان کردە سەر دایکی شەهید محەممەد و دوو ژنی دراوسێیان و لە ئاکامی هێرشی هێزەکانی ڕێژیمدا، دایە عەزیمە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.