کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١٣ـهەمین دانیشتنی کۆمیتەی پاکتاوی هەموو شێوەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو

17:30 - 22 گەلاوێژ 2724

کۆمیتەی پاکتاوی هەموو شێوەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١١٣ـهەمین دانیشتنی خۆیدا لە ژێنێڤ کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێوە چوو، بابەتی هەڵاواردنی کەمینە نەتەوەیی، زمانی و ئایینییەکانی لە ئێران باس کردووە.

ئەم ڕێکخراوە لەم دانیشتنەدا و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڵاواردنەکان لە ئێران ڕایگەیاندووە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە کەمینە زمانی و ئایینییەکان لە خۆ دەگرن و دانیشتووانیان کورد و بەلووچن هەڵاواردنیان دەرحەق ئەنجام ئەدرێت.

ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە بێبەشکردنی کوردستان و بەلووچستان لە وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری بە شێوەی پێکهاتەیی کە بووەتە هۆی هەژاری لەم ناوچانەدا زیادی کردووە کە سەرکوتی کولتووری و سوانی زمانە خۆجێیەکانیش لەم ناوچانەدا بە شێوەی سیستماتێک بوونی هەیە.

لەم پێوەندییەدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە چالاکانی زمانی و کولتووری کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەندکراون دەکات کە تەنیا بەهۆی ئەم چالاکییانەوە سزای بەندکرانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم ڕێکخراوە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە کوشتنی هاووڵاتییانی کورد، بەلووچ، عەرەب و تورک لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا کردووە و هەروەها ئاماژەی بە ڕۆژی هەینیی خوێناویی زاهێدان و پاشان لەسێدارەدانی لاوانی کورد کە لەو ڕەوتەدا دەسبەسەرکرابوون، کردووە.

لە وڵامی ئەم ڕاپۆرتەدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنەکەدا کە لە هەر یەک لە وەزارەتەکانی دەرەوە، پەروەردە، وڵات و ئێرشاد و هەروەها نوێنەری ستادی مافی مرۆڤ، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و دامەزراوەی سەرۆککۆماریی پێکهاتبوون، بە چەواشەکاری لە هەڵاواردنەکان ڕایانگەیاند کە حکوومەت بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و گەڵاڵە پەسەندکراوەکانی مافی مرۆیی بۆ لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک لە ئێران هەوڵی داوە و پشتیوانیی لە کەمینەکان کردووە.

شاندی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە بەشێکی قسەکانیاندا بە کۆمیتەکە ڕادەگەیەنن کە لە ئێراندا فرەچەشنیی نەتەوەیی بوونی نییە و ئێران تەنیا لە یەک نەتەوە و نژاد پێکهاتووە کە ئەویش نەتەوەی ئێرانییە.

لە وڵامدا نوێنەری کۆمیتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان بە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێت کە ئەو هەڵاواردنەی کە کۆمیتە باسی لی دەکات بە شیوەی پراکتیکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێت و پاشان پرسیار لە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دەکات کە "ئایا منداڵانی کورد و بەلووچ بە زمانی دایکیی خۆیان دەخوێنن"؟.

شایانی باسە کە ئەم دانیشتنە لەلایەن زۆربەی میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنە فارسی زمانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دەروەی وڵات بەهۆی زەقکردنەوەی فرەچەشنیی نەتەوەکان لە ئێران پشتگوێ خراو و سەرەڕای گرینگبوونی هیچ باسێکی لێ نەکراوە.