کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشتێکی من

01:55 - 23 گەلاوێژ 2724

هەتاو دێموکرات

دەستپێکی سەفەرم لووتکەی چیایەکی سەرکەش بوو.

لە وەرزی تێکۆشاندا دەستم خستبووە بینی ڕەشەبایەکی بەهێز و دڕ بە وێنەی گورگ دەیلووراند، کە گەیشتینە دەشتێکی کەسک و بەرین لەژێر دەستم ماڵی ببوو. دەنگی گورگ‌ئاسای گۆڕا بە شمشاڵی فێرگەیەکی خۆشەویستی و من دادەبەزم خۆ لە شەونمی بەربەیانی چارەنووسێک وەردەدەم. لەگەڵ هاوڕێ دێرینەکەم کازێوەی شۆڕش پێشبڕکێمانە، کێ زووتر بگاتە سەر سینگی مەزرای خەبات، لە کۆتاییدا یاخی دەبم بە سواری پرچی زێڕینی هەتاوی ئازادی پێش کازێوە دەستم دەگاتە نێو مەزرای ئەودیو زیندانی دەروونم، بیرەوەرییەکان کۆدەکەمەوە دەیانکەمە هۆنراوە پاشان ڕستە ڕستە ئەیانکەم بە دەمی نفەنگێکی تووڕەدا هەر لەگەڵیان دەدوێم تا ئەوکاتەی زریانیش دێت و گوڵەگەنم شانە دەکا و کەمێک باڵای ئازادی دەردەکەوێ بۆیە من و بیرەوەری دەبینەوە بە هاوڕێی شەپۆلێکی گەڕاوە لە شەڕی زەریاێکی بێبەزەیی.

 پاشان ئەو جێژوانەیش بەجێ دێڵم، دەنگێ دەمبات بەرەو کوێستان. زۆر لەمێژە ئەو دەنگە ئاواتی منە دەنگی بێری کچی ڕەشماڵی تۆڵەیە لە بانەمەڕی نیشتمان شیری ورە بۆ خاکی‌پۆشان دەدۆشن بەڵێ تینووی ئەو ورەیەم بۆیە منیش بە وێنەی شەماڵێکی شێت هەڵدەکشێم و پێش لاوەکان دەکەومەوە کە بە حەسرەتەوە هاتوون لەوێ جێژوانی ڕا‌پەڕین بگرن. ماچی لێوی پیاڵەی شیری سەنگەری شاخ و دەست لە گەردنی چەپکەگۆڵی بەرگری و حەزی بە فراوی سەرکەوتن  کپ و کڕ و ماتم دەکا. چاوم دەکاتە جووتێ باڵ بەرەو ڕوومەتی تێکۆشان هەڵدەفڕێ و دەکەوێتە داوی ئەگریجەی ئەویندارێکی کوردستان، لەوێ کەمێ ئارام دەگرێ و ڕادەچڵەکێم تا خاوەنی جێژوان دەگاتێ پڕ بە حەزی چاوی ئەوین لێرەش بوخچەی بیرەوەرییەکەم پڕ دەکەم، سواری ئەسپی هەورازی سەرکەوتن دەبم بەرەو ڕووباری خۆبەخشی گل دەبمەوە.

 ئەرێ ڕووبار جێم مەهێڵە جێگایەکی چۆڵت هەیە من دانیشم یا هیچ نەبێ ڕێگەم بدە دەست لە ملی خوڕەی تاڤگەێکی یاخیت بکەم، جێم مەهێڵە لەو قەڵپەزە ڕەش‌هەڵگەڕاوانەی ئەوێ دەربازم کە، لای تۆش کەمێ بە وەفا هەگبە پڕ دەکەم. ڕووبار دەڵێی پەلەت نییە هێندە هێمن لێ‌دەخوڕی هەستی لانکەی خەمێکی دێرینی خۆمم پێ‌دەبەخشی، نەمدەیتە باوەشی زەلکاو من دڵنیام خەوی مەرگ دەمباتەوە. کرژ بڕۆ من ڕێبوارێکی بزێوم، لەو نزارە کە زۆرتر لە ڕابردوو دەچێ پرچی شۆڕەبیەکی مێژوو وەردەگرم دەیهۆنمەوە هەتاوەکوو دەیکەم بە قامچییەکی بەرخۆدان لەپێش چاوی نەرمی هەوری یەکسانی چەند قامچییەک لەسەر پشتی ڕووبار خۆبەخشی دەدەم: کرژ بڕۆ کرژ بڕۆ دەمهەوێ خۆم پەڕە سێلکەی هەواڵێکی ئازادی بم، دەمهەوێ پێش قاڵاوەکانی خێڵی شکست بگەینەوە ئاوەدانی من ئەسپاردەیەکم پێیە تۆ نایزانی بۆیە دەڵێم کرژ بڕۆ با بگەینە قوتابخانەی سەرەتایی ئەم خەباتە. پێش ئەوەی نەزانی لەوێ بەرگی کۆیلەکان لەبەرکا و ببێتە کوێخای گۆڕەپان، دەمهەوێ خۆم دەرگای پۆلی ئەو خوێندنگەیە واڵا کەم. تۆ نامناسی من ئەسپاردەیەکم پێیە با بیدەمە خاوەنەکەی من پێنووس و چەکی دەستی تێکۆشەرێکی کوردم لە هزری خۆم هەڵگرتووە، با بیدەمەوە بە خۆیان با بمنووسن لە تۆماری مێژوویەکی پڕ لە هەوراز.

 من دڵنیام لە هەر لاپەڕەیەک دامنێن جێگام دەبێ ، لەبەر ئەوەی من پێشمەرگەم.