کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژ، ڕەچەشکێنانی قۆناغی نوێی خەباتی پێشمەرگانەی گەلەکەمان

02:17 - 23 گەلاوێژ 2724

شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژ، ڕەچەشکێنانی قۆناغی نوێی خەباتی پێشمەرگانەی گەلەکەمان

 

حەمەڕەسووڵ کەریمی

لە ١٦ ساڵەی شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧ (شەهیدان هەمزە سارتکەیی، قادر نەزمی و قادر قادری)دا سەری ڕێز و پێزانین بۆ گەورەیی و چاونەترسییان دادەنوێنم، ئافەرین و سەدان ئافەرین بۆ ئەو پۆلە پێشمەرگە خۆنەویستانەی بە حزووری پێشمەرگانەیان زەندەقی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان برد و بوونە مۆمی داگیرساوی شەوی تار و بوونە گوڵی دەستی ئەویندارانی ڕێگای ئازادیی کوردستان و ڕچەی قۆناغێکی نوێی خەباتی سەروەریخوازییان بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان شکاند.

ئەمساڵ ٧٩ ساڵ بە سەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێدەپەڕی، حیزبێک کە خاوەنی هەشت دەیە لە خەبات و تێکۆشانە بۆ ڕزگاری گەلەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم حیزبە لە ماوەی نیزیک هەشت دەیە تێکۆشانی خۆیدا، هەوراز و نشێوی زۆری بڕیون و قۆناخە جۆراوجۆرەکانی خەباتی بە سەربەرزی و شانازییەوە تێپەڕاندوە و لە پێناو ئازادی و ڕزگاری گەلدا بە هەزاران شەهیدی سوورخەڵاتی پێشکەش بە بارەگای گەل و نیشتمان کردوە. هەر لە درێژەی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە پڕشکۆیەدا و لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٧دا، پۆلێک لە کادر و پێشمەرگە گیان‌لەسەر دەستەکانی حیزبی دێموکرات بە فەرماندەیی پارتیزانی لێزان و خۆشناو هەمزە سارتکەیی، بەرەو شوێنی خەباتی ڕاستەقینەی خۆیان، بۆ قووڵایی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕی کەوتن. ئەو دەستە لە کادر و پێشمەرگەکان دوای ساڵانێک دووری لە نیشتمان و بە حزووری پێشمەرگانەیان و، بە هیممەتی چیائاسای خۆیان شەوەزەنگی بێدادیی ڕێژیمی ئێرانیان دڕ دا.

هەمزە سارتکەیی وەک کادر و فەرماندەیەکی دیاری حیزبی دێموکرات، بە هاوڕێیەتی پۆلێک پێشمەرگەی فیداکار سەرەڕای مەترسییەکانی سەر ڕێگا و سنووری دەستکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانییان کەژ و کێو و ڕووبار و چۆم و هەورازەکان ببڕن و خۆیان بگەیەننە باوەش و ئامێزی گەرمی خەڵکی ناوچەکانی سەردەشت، ڕەبەت و مەهاباد و بە بوونیان چەخماخەی شۆڕشێکی نوێی دیکە لێ بدەن و ببنە مزگێنیدەری هەڵگیرسانەوەی خەبات و تێکۆشان لە گوند و شارەکانی کوردستان.

ئەو پۆلە ئەستێرە گەشەی نێو شۆڕشی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان زۆر زوو توانییان بە سەردان و دیدارەکانیان پەیامی شۆڕش و ڕزگاری و پەیامی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەیەننە خەڵکی تامەزرۆی ئازادی کوردستان و بە لێزانی و شارەزایی خۆیان دیدارەکانیان لەگەڵ خەڵکی گوندەکان، لە هەوار و مەزراکان و لە نێو باخ و کوێستان و ڕەزەکاندا نوێ بکەنەوە. حزوور و بوونی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە دوای ساڵانێک دابڕان و نەچوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەورە بریسکە نەک هەر لە ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت بەڵکوو لە هەموو کوردستان و ئێراندا دەنگی دایەوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی لە مەیداندابوونی هێزی پێشمەرگە و دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بوو بە هۆی ئەوە کە پۆل پۆل خەڵکی تامەزرۆی دیدار لەگەڵ پێشمەرگە خۆ بگەیەننە نێو باخ و کوێستان و ئەو شوێنانەی بۆنی حزووری پێشمەرگەی لێ دەهات. ئەگەر لەلایەک خەڵک بە دیتنی پێشمەرگەکانی شاییان لە دڵدا دەگەڕا، لە لایەکی دیکەوە بە بوونی سەدان مۆڵگە، پادگان، بنکەی سیخوری و جاشخانە مەترسی لەسەر گیانی پێشمەرگەکانیش هەبوو و لە هەمان کاتدا ترس و خۆفی زۆری لە دڵی ترسنۆکانی ڕژێمی تاران خستبوو، هەر بۆیە ڕژێم بە ناردنی هێزی زۆر و هەروەها وەگەڕ خستنی شەیتان و شۆڤار و جاش و جاسووسەکانی کەوتە پیلان داڕشتن بۆ ئەوەی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە لە داو بخەن.

پارتیزانە چەک لە شانەکانی حیزبی دێموکرات بە وریایی و وشیاری خۆیان و بە هاوکاریی دۆست و لایەنگر و ئەندامانی حیزبی دێموکرات، جەولەیەکی سیاسی و تەشکیلاتیی زۆر بەهێزیان لە نێو جەرگەی ناوچەدا لێدا و ئەوەندەی کە پێویست بوو، بۆ ئەوەی لە داوی هێزەکانی ڕژێم نەکەون، هەڵسووڕانەکانی خۆیان سنووردار کردبوو. پارتیزانەکانی دێموکرات، لە گوندەکان و لە مزگەوتەکان، لەسەر جادەی نێوان شار و گوندەکان بۆ موسافیر و ڕێبوار و هەموو ئەو کەسانەی کە تووشیان دەبوون، سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و کردەوە قێزەونەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ ڕوون دەکردنەوە و بە دیدار و بە وتەکانیان خەڵکیان زیاتر لە دەوری خۆیان کۆ دەکردەوە. فیلمەکانی بەشی ڕاگەیاندنی حیزب لەم جەولەیەدا نیشان دەدا کە گەورە و بچووک، ژن و پیاوان و کوڕ و کچانی کوردستان بە سروودی “هاتنەوە، هاتنەوە، پێشمەرگانی دێموکرات” و بە سروودی “وا هاتن پێشمەرگەی مە” پێشوازیی گەرمیان لە ڕۆڵەکانی خۆیان دەکرد.

پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ماوەی زیاتر لە سێ حەوتوو مانەوەیاندا، بە چوونەسەر جادەی ئەسڵیی نێوان شارەکانی سەردەشت، ڕەبەت، بانە، مەهاباد و پیرانشار لەژێر گۆشار و هێرشی جۆراوجۆری ڕێژێمدا، سەلماندیان کە دەتوانن لە هەموو قۆناخێکدا هەنگاوەکانیان بۆ ڕزگاریی کوردستان پتەوتر بکەن، ئیرادەی بەرزی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە، بەرپرسانی سەرووی ڕێژیمی ئێرانی هێنابووە سەرخەت و ڕێژیم لە ڕێگەی هەوایی و عەرزییەوە لە ڕێگەی خۆفرۆش و جاش و خائینانەوە پێوشوێنی پێشمەرگەکان کەوتبوو، و پیلانێکی ڕەشیان بەدەستەوە بوو.

پێشمەرگەکان بڕیار دەدەن بۆ جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ بگەڕێنەوە لای هاورێیانیان لە دەفتەری سیاسی و بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە. دوژمنی داخ لە دڵ و ترسنۆک کە هێز و ورەی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئەو پۆلە پێشمەرگەیە نەبوو، لە بیری داڕشتنی لەداوخستنی فەرماندە باڵابەرزەکەی دێموکرات و هاوڕێیانیدا بوو. تیمی پێشمەرگەکان ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ لە ناوچەی ڕەبەت ڕا، ئەو شوێنەی کە بە سەدان جار هەمزە سارتکەیی و هاورێیانی لمبۆزی دوژمنیان لە خۆڵ وەردا بوو، بەرەو ناوچەی سەردەشت کەتبوونە ڕێ، بەڵام بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژ لە نزیک گوندی گردێنە لە ناوچەی سەردەشت کەوتنە بۆسەی شەوپەرەست و جاش و خائینانی خۆفرۆش و لە تێکهەڵچوونێکی کورتدا مخابن کاک هەمزە سارتکەیی، قادر نەزمی و قادر قادری شەهید بوون و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

شەهید هەمزە سارتکەیی و هاوڕێیانی بە خوێنی سوور و گەشی خۆیان پەیامی هەستانەوەی شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی کوردیان بە گوێی ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری کوردستاندا چپاند و دوای زیاتر لە دە ساڵ دابڕانی حزووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەوان بوونە یەکەم مەشخەڵی دەستی لاوانی کورد.

شەهیدان هەمزە سارتکەیی، قادر نەزمی و قادر قادری شەهیدانی مانگی گەلاوێژ و شەهیدانی هەستانەوەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بوون و دواتر هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهیدان دەیان جەولەی سیاسی و نیزامی و تەشکیلاتی دیکەیان هەر لە خواروی کوردستان تا سەرووی کوردستان بەڕێوە برد و زۆر گەلەئەستێرەی دیکەش هەر لە سنە و کرماشانەوە بگرە تا سەقزی خوێناوی و شنۆی شەهیدان و سەردەشت و ڕەبەت و پیرانشار و مەهاباد ڕاخوشین و بە خوێنی خۆیان ڕێگەی خەبات و تێکۆشانیان واڵاتر کرد.

سڵاو لە شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧ی هەتاوی

ڕووڕەشی بۆ جاش و خائین و خۆفرۆشان