لە گەرمەی چڕبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتەبێژی دەوڵەتی ئاڵمان لە زاری ئۆلاف شوڵتز، سەرۆکی باڵای وڵاتی ئاڵمان ڕایگەیاند کە داوای لە مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران کردووە، هەموو هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری نیزامی لە ناوچەکە بگرێتە بەر.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردەوە، ئۆلاف شوڵتز ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ پزشکییان ڕایگەیاند، دەبێت دەستبەجێ توندوتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕابگیرێت، چونکە هەر ڕێگایەکی تر دەتوانێت ببێتە مەترسییەک و لێکەوتەی پێشبینینەکراوی بۆ وڵاتان و خەڵکی ناوچەکە دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی باقری کەنی، سەرپەرەستی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، وەڵامدانە بە تێرۆری هەنییە ڕەوایە و بە بڕشتیش دەبێت.
ناوبراو لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ حاجا لەحەبیب، وەزیری دەرەوەی بێلژیک، جەختی لەوە کردەوە کە تاران بۆ ئەوەی بەرگری لە ئەمنییەت و سەروەریی خۆی بکات، بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان وا لە ئیسرائیل دەکات کە تێچووی قورس بدات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی لە لایەک و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە زیاتر بووە.