ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بە ئاماژەدان بە زیادبوونی حاڵەتی "ژنکوژی" لە ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا کوژراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی گەلاوێژدا واتە لە ١٠ تا ٢٠ی گەلاوێژ، لانیکەم ١٠ ژن کوژراون کە بەپێی ئامارەکان بەم شێوەیەن: لە شارەکانی سیب و سەراوان ٢ حاڵەت، لە شیراز ٢ حاڵەت و باقییەکەش لە کووهرەنگ، شەهریار، تاران، فەسا و ڕۆدان و زەنجان کوژراون.
بەپێی ئامار و داتای پلاتفۆرمێکی تایبەت سەبارەت بە کوشتنی ڕەگەزی لە ئێراندا ئاشکرا بووە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ هەمان کات لە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ژنکوژی لە ئێران بە ڕێژەی ٦٠٪ زیادی کردووە.
پلاتفۆرمی "ستاپ فێمنساید ئێران" کە بە واتای ڕاگرتنی ژنکوژی لە ئێرانە و ڕێکخراوەیەکە کە تیشک دەخاتە سەر چاودێریکردنی کوشتنی ژنان لە ئێراندا، لە ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە توندوتیژی و کوشتن بەرامبەر بە ژنان و کچان لە ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە ژنکوژی لە ئێراندا ژیانی کچان و ژنان لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج و ئەم تاوانانە کە زۆرجار لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکان بەتایبەتی پیاوەکانەوە ئەنجام دەدرێت، لە شار و گوندەکان هەروەها لە هەموو ئاستێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بینراون.
هەر وەک ئاماژەمان پێکرد زۆرترین تاوانبارانی ژنکوژی ئەندامانی پیاوی بنەماڵەن و زۆرێک لەو ژنکوژییانە بە هۆکاری خێزانی و ئەوەی پێی دەوترێت نامووس ڕوو دەدەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زۆرترین ڕێژەی ژنکوژی لە تاران تۆمار کراوە و هەروەها باسی لە تەمەنی قوربانییان کردووە کە بەپێی شیکارییەکانی تەمەنی ٤٣٪ قوربانییەکان گەنجن و لە مەودای تەمەنی ١٥ بۆ ٣٥ ساڵدان.
هەر لەم پێوەندیەداش جيگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران هەموو جارێک بۆ پەردەپۆشی کردنی ئەو جنایەتانە و ئەو ژنکوژیانە لە دەستەواژەی “کوشتنی نامووسی” کەڵک وەردەگرێ و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە دەکات.