کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیکبوونی هێرشی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی بۆ سەر ئیسرائیل/ ئەمریکا هێزێکی زیاتری هێناوەتە ناوچەکە

11:53 - 23 گەلاوێژ 2724

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لە ئامادەیی و هاوکاریی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

دانیەل هاگاری ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە "ئەوان بە وردی و هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانیان چاوەدێریی دۆخی ئێران دەکەن".

لە هەمان کاتدا هەواڵ و زانیارییە جیهانییەکان باس لە نزیکبوونی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن.

لەم پێوەندییەدا سەرچاوەی ئاسۆشەیتێدپرێس نووسی: "جان کێربی وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئێران و میلیشیاکانی لەم ڕۆژانەدا هێرشەکە بۆ سەر ئیرسائیل ئەنجام ئەدەن".

هەروەها فاکس نیووزی ئەمریکا باسی لە ئەنجامی هێرشەکە لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا کردووە و چەند سەرچاوەی ئەمریکایی و جیهانیی دیکەش باسیان لەوە کردووە کە ئێران و میلیشیاکانی ئامادەکارییە پێویستەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئەنجام داوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسداران لە ڕۆژانی ڕابردوودا مانۆڕێکی سەربازیی لە ناوچەکانی قەسری شیرین و شابادی کرماشان بەڕێوە بردووە.

کارناسانی سەربازیی ئێران ئەم مانۆڕانەی سپای پاسدارانیان بە ئامادەکاریی بۆ هێرش و بەرگریکردن لەهەمبەر ئیسرائیل لەقەڵەم داوە.

لە بەرامبەریشدا ئەمریکا دوو ناوگرووپی دیکەی خۆی کە ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەر و ژێردەریایی لەگەڵدایە بۆ پشتیوانیی و بەهێزتریکردنی هێزەکانی ناردووەتە ناوچەکە.

هەواڵدەریی نوورنیووزی ڕێژیم و نزیک لە سپای پاسداران دوێنێ لە هەوڵێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئیسماعیل هەنییە بە مووشەکێک کوژراوە کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە و بە هاوکاریی هەواڵگریی ئەمریکا هاویژراوە.

پێشتر سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی ڕێبەری حەماسی لە ڕێگەی هاوێژەرێکی کورتمەودا و هەر لە نێو تارانەوە پشتڕاست کردبووەوە.

خولی نوێی گرژییەکان و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاستەوخۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاش کوشتنی کەسی یەکەمی حەماس لە تاران دەستی پێ کرد.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئیسرائیل لەپشتی کوشتنی هەنییەدا بووە.