ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، مامۆستا مەلا محەممەد محەممەدزادە، ناسراو بە حاجی مامۆستای مەمەلیان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ و بەهۆی وەستانی دڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا مەلا محەممەد کوڕی خوالێخۆشبوو دەروێش مارف لە ساڵی ۱۳۱٨ی هەتاوی لە ئاوایی خەلیفەلیانی سەر بە شاری نەغەدە لەدایک بووە. ناوبراو ساڵی ۱۳۳۰ی هەتاوی لەلایەن دەروێش مارفەوە دەخرێتە بەرخوێندن و لە زۆرێک لە شارو گوندەکانی کوردستانی خوێندووە.
حاجی مامۆستا ساڵی ۱۳۴۴ی هەتاوی لە فێرگەی ئایینیی مزگەوتی سووری مەهاباد بە واژۆی مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی، مامۆستا شێخ عیززەدین حوسێنی، مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مودەڕیسی ئیزنی مەلایەتی وەردەگرێ.
دوایی هەر لەو ساڵەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی مەلایەتی لەسەر داوای خەڵکی ئاوایی مەمەلیانی سەر بە شاری نەغەدە دەچێتە ئەو ئاواییە و تا کاتی خانەنشینی واتە ساڵی ١٣٩٦ لەو ئاواییە ماوەتەوە.
مامۆستا کەسایەتێکی نیشتمانپەروەر، ئایینی و کۆمەڵایەتی بووە و زۆر بە خەڵکەوە ماندوو بووە، زۆر هۆگری کتێب و نووسەران بووە.
بەداخەوە حاجی مامۆستا له مانگی بانەمەڕی ١٤٠٣ له ڕێگهی مەهاباد ورمێ تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێ و دوای ماوەیەک نەخۆشی و چەند نەشتەرگەری له ڕۆژی یەکشەممه ٢٢ی گەڵاوێژ، له نەخۆشخانهی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی به ئامادەبوونی جەماوەرێكی بەرچاو له گۆڕستانی نێوان مەمەلیان و چەقەڵ مستەفا تهسلیم بە خاک ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.