کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کرایەوە

10:50 - 24 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری کە لە مورەخەسیی دەرمانیدا بوو، پاش بانگکران بۆ لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سەقز دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بانگی لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سەقز کراوە و پاش ئامادەبوون لەم لقە، دادوەر پێی ڕاگەیاندووە کە "پزیشکی دادوەریی سنە پشتڕاستی کردووەتەوە کە تۆ توانایی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەت هەیە و دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ بەندیخانە."

 ئەم چالاکە کرێکارییە پاش ڕاگەیاندنی وڵامی پزیشکی دادوەریی سنە، دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزراوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە جیا لە تەنگبوونی کاناڵی نوخاع کە ٤ مۆرەی بەسەختی دەرگیر کردووە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، لە ڕۆژی ٣٠ی گەلاویژی ١٤٠٣دا دەبێ بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئاخرین نەشتەرگەرییەکەی لە نەخۆشخانەی "فیرووزگەر"ی تاران ئامادە بێت.

ڕاگواستنی دووبارەی عوسمان ئیسماعیلی بۆ بەندیخانەی سەقز پرۆسەی چارەسەری ناوبراوی تووشی ناڕوونی کردووە.

ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری، لە بەندیخانەی سەقزەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، نێردرایە مورەخەسی.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، لە بەندیخانەی سنەوە گەڕێندرایەوە بەندیخانەی سەقز.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی چارەسەری پزیشکی لە بەندیخانەی سەقزەوە ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی لە دەسپێڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە.

بەرپرسانی بەندیخانەی سنە سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە ئەنجامدانی پشکنینی ئێم ئار ئای لە ڕادەستکردنی ئاکامی ئەم پشکنینە بۆ پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار خۆیان بواردبوو

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.