کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران داواکاریی ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپایی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی بە زێدەڕۆیی ناو برد

10:52 - 24 گەلاوێژ 2724

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە کاردانەوە بە لێدوانی ڕێبەرانی سێ وڵاتی ئورووپایی کە داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردبوو خۆیان لە دەستپێکردنی شەڕ بەدوور بگرن، ئێران بۆ کەڵکوەرگرتن لە مافەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ئەمنییەتی میللیی خۆی داوای مۆڵەت لە هیچ کەسێک ناکات.

کەنعانی سەرچاوەی سەرەکیی نائەمنی لە ناوچەکەی بۆ ئیسرائیل گەڕاندەوە و ڕایگەیاند، بەیاننامەی سێ وڵاتی ئورووپایی لەکاتێکدا دەرچووە کە "لە ئەنجامی کەمترخەمی وڵاتانی ڕۆژاوایی و پاڵپشتی لە ئیسرائیل، هەموو جۆرە تاوانێکی نێودەوڵەتی، لەوانەش ژینۆساید و تاوانی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی خەڵکی فەلەستین بەردەوامە".

ڕێبەرانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، هۆشدارییان بە ڕێژیمی ئێران دا کە بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل گرژییەکانی ناوچەکە پەرە دەستێنێت و ڕایانگەیاند، شەڕەکە دەرفەتی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لەناو دەبات. هەر لەو ڕۆژەدا ڕێبەرانی ئەم سێ وڵاتە هاوکات لەگەڵ ئیتالیا و ئەمریکاش ڕایانگەیاند لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکانی بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم جۆرە داخوازییانەی بە "زێدەڕۆیی" ناو برد و وتی: ئەم داواکارییانە: "لۆژیکی سیاسییان نییە و بە تەواوی پێچەوانەی پرەنسیپ و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتین و داخوازییەکی زێدەخوازانەیە".

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی "فەرانسە''، بڵاوی کردووەتەوە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا داوای لە حکوومەتی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی دیکە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە، کردووە کە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە ڕازی بکەن.