کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان دەستیان بەسەر نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەنعادا گرت

11:20 - 24 گەلاوێژ 2724

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، حوسییەکانی یەمەن لە شاری سەنعا دەستیان بەسەر نووسینگەکەیاندا گرتووە و  کارمەندەکانی ئەو نووسینگەیان ناچار کردوون کەلوپەل و بەڵگەنامەکانی ئەو ناوەندەیان ڕادەست بکەن.

دەسبەسەرداگرتنی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دوایین حاڵەتی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کارمەندانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکانە و ئەم هێرشەش لەکاتێکدا ئەنجام دراوە کە حوسییەکان بە پشتیوانیی ئێران لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور کە لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووە دەستیان پێکردووە بەردەوامن و ڕۆژی سێشەممەش سێ جار هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی بارهەڵگر لە دەریای سوور.

لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی حوسییەکان بۆ سەر نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، فوڵکر تورک بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند کە پێویستە هێزەکانی حوسییەکان بینای ئەو نووسینگەیە بەجێ بهێڵن و دەستبەجێ سەرجەم کەلوپەل و بەڵگەکان بگەڕێننەوە.

بەڵام تا ئێستا وتەبێژی ئەو گرووپە لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر ئەو نووسینگەیە لە پایتەختی یەمەن وڵامی هیچ لایەنێکی نەداوەتەوە.

نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دوای هێرشە سەرکوتکارانەکانی حوسییەکان کە لە چەندین مانگی ڕابردوو دەستیان پێکردووە، ئەو ڕێکخراوە کە هەموو چالاکییەکانی لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپەدا ڕاگرتبوو، لە کارکردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی یاسایی یەمەن بەردەوام بوو.

بە وتەی ئەو ڕێکخراوە، حوسییەکان لە مانگی جۆزەردانەوە زیاتر لە ٦٠ کارمەندی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی تری فریاگوزاریی نێودەوڵەتی لە یەمەنیان دەسبەسەر کردوون.

شایانی باسە کە چەند ڕۆژێک دوای دەسبەسەرکردنەکانی مانگی جۆزەردان، حوسییەکان ئیدیعایان کرد کە ئەندامانی تۆڕێکی سیخوڕی ئەمریکی-ئیسڕائیلییان دەسبەسەر کردوون و ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو کەسانەیان بڵاو کردەوە.

 

بەڵام لەو پێوەندییەدا کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کارمەندەکانی لەژێر هەڕەشەدا بە زۆری دانیان بەوەدا ناوە کە کاری سیخوڕی دەکەن.