بەپێی زانیارییەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران بەچڕی لەهەوڵدایە تاکوو بەرنامە ناوکییەکانی بەمەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی پەرە پێ بدات.
تلویزیۆنی ئیران ئینتێرنەشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری سێ سەرچاوەی سەربەخۆ لە ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە ڕێکخراوی توێژینەوەکانی "سێپەند"دا و هەروەها هێشتنەوەی محەممەد ئیسلامی بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران لە بەرپرسایەتییەکەی، دەیهەوێت کە تاقیکارییە ئەتۆمییەکان بۆ دروستکردنی چاشنیی تەقێنەری بۆمبی ئەتۆمی، پەرە پێ بدات.
ڕێکخراوی توێژینەوەکانی سێپەند کە لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا دامەزراوە یەکێک لە ژێربەشەکانی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامییە.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامی چەند حەفتە پێش مردنی گەڵاڵەیەکی سەبارەت بەم ڕێکخراوە ڕادەستی مەجلیس کرد و مەجلیسیش بە زووترین کات پەسەندی کرد.
بەپێی ئەم گەڵاڵە ڕێکخراوی سێپەند لەوە بەدوا وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ کار دەکات و ئیتر ژێربەشی وەزارەتی بەرگری نامێنێت.
لەم یاسا نوێیەدا ڕێکخراوی سێپەند کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە، بۆ سەقامگیرکردن و بەردەوامبوون لەسەر دەسکەوتەکانی موحسێن فەخریزادە چالاکییەکانی پەرە پێ دەدات.
فەخریزادە یەکێک لە گرینگترین و باڵاترین کەسایەتییەکانی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی سێپەند بوو کە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن مووسادەوە لە تاران کوژرا.
ئەم تلویزیۆنە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە ڕێکخراوی سێپەند دەیهەوێت یەکێکی دیکە لە بەشە سەرەکییەکانی بۆمبی ئەتۆمی، واتا چاشنیی تەقێنەر دروست بکات کە ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی گوشاری زلهێزەکانەوە ڕایگرتبوو.
ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا باسی لە هێشتنەوەی محەممەد ئیسلامی وەک بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران کردووە.
پزشکییان پاش هاتنەسەرکاری بە فەرمانی خامنەیی محەممەد ئیسلامیی لە بەرپرسایەتییەکیدا هێشتووەتە.
محەممەد ئیسلامی لە دەیەی ٦٠دا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە شاندێکی ناردبووە دۆبەی تاکوو لەوێ لەگەڵ عەبدولقەدیرخان چاوپێکەوتن بکەن.
عەبدولقەدیرخان زانای ناوکیی پاکستانی بوو کە زانستی ناوکیی بە کۆماری ئیسلامی، لیبی و کۆرەی باکوور فرۆشت.
لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پاش تەشەنەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل چەند جارێک بەشێوەی ڕاشکاوانە باسیان لەوە کردووە کە حکوومەت دەبێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.