کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٤٧٠ چالاکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەیاننامەیەکدا داوای ڕاگرتنی ئێعدامەکانیان لە ئێران کرد

10:55 - 13 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە زیادبوونی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و هەروەها حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی ژن، زیاتر لە ٤٧٠ چالاکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە ماشینی لەسێدارەدان ڕابگڕیت.

لەم بەیاننامەیەدا کە لە کەناڵی تێلێگرامی "ئێران فەردا" بڵاو کراوەتەوە، بە ئاماژەدان بەو شتەی کە بە ''نفووزی ئیسرائیل'' لە ئێران ناو دەبردرێت، هاتووە: " سەرقاڵکردنی بەرپرسانی ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی ئێران بە شوێنکەوتن و سزادانی ڕەخنەگران و نەیارانی نێوخۆیی چ پاساوێکی هەیە؟"

ئەم بەیاننامەیە جەختی کردەوە: "حوکمی لەسێدارەدان لەو چوار دەیەدا وەها بە ئاسانی و خێرا دەردەکرێت و  گیان ئەستاندن لە دادگاکاندا بووەتە نەریت کە گۆیا تێپەرێنی سەردەم کاریگەریی لەسەر مێشک و دڵی ئەو کەسانە دانەناوە کە لە دەسەڵاتدان و حوکمڕانی دەکەن''.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە داوای ڕاگرتنی ئێعدامیان کرد و ڕایانگەیاند کە پێویستە ئەو سزایانە بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە لەوانە شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری و پەخشان عەزیزی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بوەستێنرێت.

هەر لەم بەیاننامەیەدا باس لە نەسیم غوڵامی سیمیاری، یەکێک لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژینا وریشە مورادی، کە مەترسیی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

لەم پێوەندییەدا کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ، لە بەیاننامەیەکدا، بە ئاماژە بە زیادبوونی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لەلایەن سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامی بۆ ژنانی بندکراوی سیاسی بو بە لەبەرچاوگرتنی تۆمەتی هەڵبستراو و درۆ، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەم بارەیەوە هەڵوێستی هەبێت.