کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆرویژ

01:34 - 25 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣،   کاک عەلی سەلاحی ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و درێژەی خەبات و تێکۆشانی بە هاوڕێیانی ئەسپارد.    

کاک عەلی سەلاحی رۆژی ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٣١ لە شاری بانە و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و مام ناوەندی لە دایک بوو.

ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران وەک ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب کاری کردووە تا ئەو کاتەی کە برایەکی بە ناوی مستەفا لە سەرەتای ساڵی ١٣٦١ کە بەرپرسی تەشکیلاتی ناوچەی بانە بوو  ئاشکرا دەبێت و دەکەوێتە زیندان و ئێعدام دەکرێ.

کاک عەلی لە دوای شەهیدبوونی براکەی  بە ئاشکرا دێتە ناو ڕیزەکانی حیزب و لە هێزی پێشمەرگەی بانەدا سازمان دەدرێت. 

ناوبراو لە درێژەی خەبات و تێکۆشانیدا وەک کادرێکی لێهاتوو دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی بانە و پاشانیش وەک کادر لە کۆمیسیونی سیاسی – نیزامی بەردەوام دەبێ لە تێکۆشان و  ساڵی ١٣٧٨ ی هەتاوی رێگای هەندەران دەگرێتە بەر و دواتر لە وڵاتی نۆڕوێژ دەگیرسێتەوە.

کاک عەلی لە دەرەوەی وڵاتیش نەتەنیا پێوەندی لەگەڵ حیزب ناپسێنێ، بەڵکوو وەک ئەندامێکی چالاک و کارا لە کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد لە وڵاتی نۆڕوێژ، بۆ چەند دەورە وەک بەرپرسی تەشکیلات و بەرپرسی کۆمیتە ناوچە درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدات و تا کۆتایی ژیانی وەک ئەندامی حیزب چالاکانە کار دەکات.   

جێگای ئاماژەیە کە جگە لە کاک مستەفای برای کە ئێعدام و شەهید کرا، کوڕێکی بەناوی نیژاد و دوو برازای ناوبراو وەک پێشمەرگە لە ریزەکانی حیزبدا بوون.  

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.