کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە هەڵوەشایەوە

11:14 - 25 گەلاوێژ 2724

حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی هونەرمەندی ناڕازی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە پووچەڵ کرایەوە و دادگا دەنگی بە بێبەریکردنی ناوبراو دا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری تووماج ڕایگەیاند کە لقی ٥ی دادگای ئینقلابی ئێسفەهان کە پێشتر حوکمی لەسێدارەدانی بۆ تووماج دەرکردبوو، حوکمەکەی پووچەڵ کردووەتەوە.

ڕەئیسیان لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "دادگای ئینقلابی ئێسفەهان لەپێوەندی لەگەڵ تۆمەتی "افساد فی الارض"ی تووماج دەنگی بە بێبەریکردنی داوە و هەروەها سەبارەت بە دوو تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی نەزم، دۆسییەکەی ناردووەتە لقی ٢ی دادگای سزاکان".

پێشتر و لە بانەمەڕی ئەمساڵدا دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدانی تووماجی هەڵوەشاندبووەوە.

هاوکات لەگەڵ دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی لەلایەن دادگای ئینقلابەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەلایەن دامەزراوە مافی مرۆییەکان و وڵاتە ڕۆژاواییەکان بەم حوکمە ناڕەوایە دەستی پێ کرد.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی خەڵکی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ساڵی ١٤٠١ دەسبەسەر کرا و پاش ساڵێک بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا بەڵام تەنیا دوای چەند ڕۆژ لە ئازادکرانی بۆ جارێکی دیکە دەسبەسەر و تاکوو ئێستا لە بەندیخانەیە.