کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

11:58 - 25 گەلاوێژ 2724

بەڕێز کاک مستەفا هیجری بەرپرسی گشتیی ناوەندی بەڕێوەبەری

بەڕێزان ئەندامانی ناوەندی بەڕێوبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سلاوێکی گەرم

بەبۆنەی ٧٩ ساڵی دامەزراندن و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تێپەڕبوونی ٧٩ ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی بێوچانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانتان و ئەندامان و دۆستان و لایەنگران و تەواوی خەڵکی تێکۆشەر و نەبەردی ڕۆژهەڵات دەکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەلومەرجێکی مێژوویی بوونی خۆی ڕاگەیاند، وەکوو زەروورەتێکی ئەو قۆناغە لەو کات و ساتەدا هەنگاوێکی مەزن و بە بڕشت لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان وەرچەرخانێک بوو لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وەک دەستپێک توانی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و ڕێکیان بخات.

فیداکاری و قوربانیی بێ ئەندازەی داوە لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی پێویستدا پشتیوانیی لە خەباتی بەشەکانی تری کوردستان کردووە. هەر لە سەرەتای پێکهێنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان ڕۆڵی پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوور ئەرک و بەرپرسارەتیی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاندووە و هەمیشە جێگەی پێزانینی هێزە سیاسییەکان و ڕەزامەندیی خەڵکی باشوور بوون.

لە کاتێکدا ئەو یادە مەزن و پڕ بەها مێژوویە دەکەینەوە کە لە دیرۆکی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی دۆخی سیاسی و ئابووری، نێودەوڵەتی و جیهانی لەبارێکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەدایە و ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ناوچەکە و، ململانێ و کێشمەکێشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە چڕتر بۆتەوە و شەڕ و پێکدادان لەئارادایە و ئەگەر و پێشهاتی نوێ چاوەڕێ دەکرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یەک جەمسەری بۆ چەند جەمسەری گوزەر دەکات و لەو وەرچەرخانە مێژوویی و پڕ لە گۆڕانکارییە ئەرک و بەرپرسارەتیی مێژوویی لە ئەستۆی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانە یەکڕیز و تەبا بن کە تاکە ڕێگە و چارەسەری وڵامگۆی ئەو قۆناغە ڕاگوزارییەیە. بەو بۆنە شکۆدارە جەخت لە بەردەوام بوون و پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای پێکەوە کارکردن و پێکەوە هاوکاری کردن بۆ خزمەتی گەلە ستەمدیدەکەمان دەکەینەوە.

 هەر سەرکەوتوو بن

باپیر کامەلا

سکرتێری گشتیی پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان