کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دەیان بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی لەلایەن سپای پاسدارانەوە

10:57 - 13 گەلاوێژ 2724

نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەسپێکی لێکۆڵینەوەکانی سپای پاسداران سەبارەت بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران کردووە و نووسی: "لەم لێکۆڵینەوانەدا زیاتر لە ٢٠ بەرپرسی باڵا و کاربەدەست، دەسبەسەر کراون".

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە زاری دوو بەرپرسی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە "ڕێکخراوی دژە سیخوڕیی سپای پاسداران بەرپرسیارەتیی ئەم لێکۆڵینەوانەی گرتووەتە ئەستۆ و لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ گومانلێکراوان دەکات".

ئەم سەرچاوە دەسبەسەرکرانی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی پاش کوژرانی هەنییەی بە شکستێکی ئەمنییەتیی ڕووخێنەر بۆ ڕێبەری ڕێژیم لە قەڵەم دا و نووسی: "تێرۆرێک تەنیا چەند کاتژمێر پاش ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێ لە ناوچەیەکی تەواو ئەمنییەتی و پارێزراودا، شکستێکی گەورە بە ئەژمار دێت".

نیۆیۆرک تایمز لە لێکدانەوەیەکدا جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە ئەگەر مووساد دەتوانێت لە وەها ڕۆژێکی گرینگدا میوانێکی گرینگ لە ناوچەیەکی تەواو ئەمنییەتی و بینایەکی تەیارکراو بە پەنجەرەی دژە فیشەک و سیستەمیی بەرگریی ئاسمانی بکوژێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هیچ کاربەدەستێک لە ئێران پارێزراو نییە.

عەلی یوونسی وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە دەوڵەتی خاتەمیدا پێشتر لە پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا لە وتووێژێکدا وتبووی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا نفووزی مووساد لە نێو بەشە جیاوازەکاندا تا ڕادەیەکە کە دەبێت هەموو کاربەدەستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی گیانی خۆیان بن.