بەڕێزان ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٩هەمین ساڵوەگەری دامەزرانی حیزبی دێموکرات، پیرۆزباییتان لێ دەکات و وێڕای پشتیوانیی خۆمان لەو حیزبە نەتەوەییە هیوادارین بە ئامانج بگەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبێکی مۆدێڕن و سەردەمیانە و خاوەن پڕۆسەیەکی گەوەری بیری نەتەوەیی بوو، دامەزراندنی ئەو حیزبە وەک یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی لە چوار پارچەی کوردستان زەروورەتێکی مێژوویی و پێویست بوو.
بە دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خواست و ئامانجەکانی گەلی کورد پێی نایە قۆناغێکی تر و لە شۆڕشێکی کلاسیکەوە بەرەو بەڕۆژبوون و هاوتابوونی خواستەکانی جیهانی و پەسندکراوەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی هەنگاوێکی ئەرێنی و مێژوویی نا.
ئێستا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧٨ ساڵ خەبات و بەربەرەکانێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەل، ئەم ڕێبازە هەروا شێلگیرانەتر لە جاران ڕۆڵەکانی گەلەکەمان وەفادارن بەو ڕێبازە و خەڵکی کورد زیاتر لە جارانیش شانازی بە بوونی حیزبی پێشەوا دەکات.
حیزبێک کە لە ماوەی ٧٩ ساڵ هەروا بە ڕۆژ و جێگای متمانەی گەڵەکەی بێت بێ گومان سەردەکەوێت و بە ئامانجەکانی دەگات، یەکێک لەو شانازییانەی حیزبی دێموکرات کوردستان، کە بەدەستی هێناوە و جێگای متمانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە حیزبی هەموو چین و توێژێکی ئەو کۆمەڵگایەیە.
جارێکی تر ٧٩هەمین ساڵوەگەری دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو ئەویندارانی ئەم ڕێبازە پڕ شکۆیە پیرۆز بێت.
سەرکەوێت بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات.
بڕووخێ دەسەڵاتی تێرۆریسم و ستەمکاری کۆماری ئیسلامی ئێران.
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی