بەڕێز: ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سڵاوێكی گەرم..
بەبۆنەی ٧٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر بەگەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین. هیوادارین ئەم بۆنە مێژووییە دەرفەتێکی دیکە بێ، بۆ یەکڕیزی و پەرەپێدانی خەبات لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی گەلەکەمان.
بەڕێزان...
٢٥ی گەلاوێژ، ٧٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوشێکی هەستیار بەڕێوە دەچێ، بە هۆی شەڕ و لێکەوتەکانی شەڕ، ئاشتی و سەقامگیریی جیهان و ناوچەکە لە مەترسیدایە، ئەم ڕەوشە ئاڵۆزە کارتێکردنی لەسەر کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان هەیە، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان، هەبوونی ڕوانگەیەکی سیاسی و لێکدانەوە و تێگەیشتنی بابەتیانە لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە پێویستیی قۆناخە دەزانین.
هەر لەم یادەدا، جەخت لەسەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوان حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران دەكەینەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا
مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٤