کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بەرچاوی زانکۆکانی ئێران لە ڕاپۆرتی ڕیزبەندی کوالێتی شانگهای

11:42 - 27 گەلاوێژ 2724

دوایین ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کوالێتیی زانکۆکانی جیهان لە ماڵپەڕی ڕیزبەندی شانگهایدا، دابەزینی کوالێتیی زانکۆکانی ئێران و بەرزبوونەوەی پلەی بەشێک لە زانکۆکانی وڵاتانی کەنداوی فارس نیشان دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زانکۆکانی ئێران لە ڕیزی ١٠٠ زانکۆی سەرەکیی جیهاندا نین، لە ڕیزی ٥٠٠ زانکۆی سەرەکی تەنیا ٢ زانکۆ و لە نێوان هەزار زانکۆی سەرەکی  ٩ زانکۆی ئێرانیش بوونیان هەیە.

ئەوە لەحاڵێکدایە زانکۆی مەلەک سعوودی عەرەبستان و سێ زانکۆی ئیسرائیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە ڕیزی ١٠٠ زانکۆی سەرەکیی جیهاندان.

لەم ڕیزبەندییەدا هەر سێ زانکۆی هاروارد، ئێستنفۆرد و ماساچۆسێت لە ئەمریکاوە وەک باشترین زانکۆکانی جیهان ناسێنراون، دواتر زانکۆی کەمبریج لە بریتانیا پلەی چوارەمی بەدەست هێنا. لە نێوان ٢٠ زانکۆی سەرەکیدا، ١٦ زانکۆی ئەمریکی و سێ زانکۆی بریتانیا و یەک زانکۆی فەرانسەیی هەیە.

لە نێوان زانکۆکانی ئێران، زانکۆی تاران لە ساڵی ٢٠٢٢دا  لە نێوان پلەی ٣٠١  تا٤٠٠ جێگەی گرتبوو، بەڵام ئێستا لە نێوان پلەکانی ٤٠١ تا ٥٠٠ ی ئەم ڕیزبەندییەدایە و زانکۆی زانستی پزیشکیی تاران لە نێوان پلەی ٤٠١ هەتا ٥٠٠ ماوەتەوە و ٧ زانکۆی دیکەی ئێران لە نێوان پلەکانی ٧٠٠ هەتا هەزاردان.

لە ساڵانی ڕابردوودا و لەگەڵ قەیراناویبوونی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێران، شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچبەری لەنێو نوخبە و ئەکادیمیەکانی ئێراندا دروست بوو و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕۆیشتنی پرۆفیسۆرە بەناوبانگەکان لە زانکۆکان، ڕاپۆرتی جۆراوجۆر سەبارەت بە دابەزینی کوالێتیی خوێندن لە زانکۆکانی ئێراندا بڵاو بووەتەوە.