کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی خەڵکی بەلووچستان بەبۆنەی ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات

17:59 - 27 گەلاوێژ 2724

حیزبی خەڵکی بەلووچستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە.

حیزبی خەڵکی بەلووچستان بەبۆنەی ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند هەست بە شانازی دەکات کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونە بەنرخەکانی هەشت دەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئێستادا پێکەوە لە خەباتێکی هابەشدان.

لەو پەیامەدا هاتووە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بە ڕێبەریی شەهیدی ڕێگەی ئازادی قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە مەهاباد بە شێوەیەکی دێموکراتیک و مۆدێڕن دامەزرا.

لەو پەیامەدا هاتووە کە حیزبی دێموکرات لە دەورانی ژیانی مێژوویی خۆیدا سەرکەوتن و ناکامیی زۆری ئەزمون کرووە و توانیویەتی پێگەیەکی دیار لەنێو گەلی کورد و ناوچەکە وەکوو داکۆکیکاری سەروەریی نەتەوەی کورد و داکۆکیکاری مافی چین و توێژەکانی خەڵکی کورد بۆ خۆی دیاری بکات.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵدا ڕۆڵێکی زۆر سەرەکی و بنیاتنەری لە یەکخستنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران گێڕاوە. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە دیاریکردنی سیستمی داهاتوو و دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو خەڵکی ئێران بگێڕێت.

لە درێژەی ئەو پەیامەدا هاتووە ڕاپەڕینی ''ژن، ژیان ئازادی" و ڕۆڵی کوردستانی قارەمان و حیزبی دێموکرات بناغەکانی ڕێژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامیی هەژاند و بەڵێنی دوڕۆۆژیکی ئازادی بۆ هەموو خەڵکی ئێران دا کە بە شێوەیەک بتوانن هەست بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکەن.

لە کۆتاییدا وتراوە، حیزبی خەڵکی بەلووچستان لە دڵەوە پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەتەوەی کورد و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی دەکات و هەست بە شانازی دەکات کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە بەنرخەکانی هەشت دەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئێستادا پێکەوە لە خەباتێکی هابەشدان.