کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئاکامی مەترسیداری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل

18:03 - 27 گەلاوێژ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئەمریکا هۆشداریی داوەتە کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل بەرەوڕووی ئاکامێکی کارەساتبار دەبێتەوە.

هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕۆژی هەینی ٢٦ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە، ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامیی وتووە کە بەهۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنییەوە هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل چونکە ئاکامەکەی بەتایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی کارەساتبار دەبێت.

ئەم بەرپرسە کە ناوی لەلایەن هەواڵدەریی فەرانسەوە ئاشکرا نەکراوە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم شەڕە لەلایەن حەماسەوە کە یەکێکە لە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی هەڵگیرساوە زیادی کردووە، ئەگەری کەمە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی هێرشێک ئەنجام بدات کە ببێتە هۆی بەربەست و تێکچوونی وتووێژەکان بۆ ئاگربەست.

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا و پاش بەڕێوەچوونی دوو دانیشتن لە قەتەر،  لە هەموو کاتێکی دیکە نزیکترن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.

جێی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش کوژرانی ڕێبەری حەماس لە تاران، بەرپرسانی باڵای وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوایی یەک لە دوای یەک هۆشدارییان داوەتە کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە ئەنجامی هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل ببوێرێت.

پێشتر عەلی خامنەیی و کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان دابوو کە وڵامی کوشتنی هەنییە بە توندترین شێوە ئەدەنەوە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەفتە و هەڕەشەی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشی ڕاستەوخۆکردنە سەر ئێران، ئەم داخوازییەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کاڵتر بوویەوە.