کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێلێگراف: ڕێبەری حەماس بە هاوکاریی دەستوپێوەندییەکانی مووساد لەنێو سپای پاسداراندا کوژراوە

12:06 - 13 گەلاوێژ 2724

ڕۆژنامەی تێلێگراف لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هاوکارییکردنی دەستوپێوەندییەکانی مووساد لەنێو سپای پاسداران بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە کردووە.

ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە مووساد بە یارمەتیی دەستوپێوەندییەکانی خۆی لەنێو سپای پاسداران بۆمبێکی لە ٣ ژووری جیاوازدا لەو بینایەی کە ڕێبەری حەماس کەڵکی لێ وەردەگرت داناوە و لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژدا و کاتێک کە بوونی ئیسماعیل هەنییە لە بیناکەدا پشتڕاست کراوەتەوە، لە دەرەوەی ئێرانەوە تەقێندراوەتەوە.

ئەم ڕۆژنامە لە زاری بەرپرسێکی سپای پاسدارانەوە ڕایگەیاندووە کە بۆمبەکانی تریش لە دوو ژووری دیکەدا کە پێشتر هەنییە کەڵکی لێ وەرگرتوون دۆزراوەتەوە.

تێلێگراف زیادی دەکات، کامێرا چاوەدێرییەکان نیشانی ئەدەن کە دەستوپێوەندییەکانی مووساد دەچنە نێو ژوورەکانەوە و پاش چەند خولەکێک دێنە دەرەوە و هەروەها پێش کوشتنە لە ١٠ی گەلاوێژدا لە ئێران چوونەتە دەرەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئەم ڕۆژنامە دەریخستووە کە مووساد پلانی هەبووە لەکاتی ڕێوڕەسمی لە گوڕنانی ڕەئیسی، ئیسماعیل هەنییە بکوژیت بەڵام بەهۆی قەرەباڵغبوونی بیناکە و ئەگەری ناسەرکەوتووبوون، ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ کاتی سوێندخواردنی پزشکییان وەدوا خستووە.

پاراستنی کەسایەتییەکان و شوێنە ئەمنییەتییەکان لە ئەستۆی سپای ئەنسارولمەهدییە و بەم پێیە دەردەکەوێت کە مووساد ئەندامانی ئەم لقەی بۆ کوشتنی کەسی یەکەمی حەماس بەکار گرتووە.

لە ڕاپۆرتەکەی تێلیگرافدا هاتووە کە بەرپرسێکی دیکەی سپای پاسداران بەم ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سووکایەتییەکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی بووە و زیادیشی دەکات کە لە ئیستادا لایەنە جیاجیاکانی سپا، ئەوی دیکە بە شکست تۆمەتبار دەکات.

هەر ئەم سەرچاوە بە تێلێگرافی وتووە کە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی لقی قودس فەرمانی بە دەسبەسەرکران، دەرکردن و تەنانەت لەسێدارەدانی بۆ گومانلێکراوان دەرکردووە.