کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاتمە داوەند: خۆم لە چالاکییەکانم بەرپرسیارم نەک کوڕەکەم

12:52 - 28 گەلاوێژ 2724

فاتمە داوەند، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ کە دوای دیپۆرتکردنەوەی لە کەمپی پەنابەرانی تورکیە بۆ ئێران، بەرەو سنووری باشووری کوردستان هەڵاتووە ڕایگەیاندووە، کوڕە تەمەن ١٨ ساڵەکەی بەناوی ئاریا یووسفی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ماکۆ.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئاریا یووسفی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ گەڕێنرایەوە بۆ ئێران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گوشاری لەسەرە کە دەبێ شوێنی دایکی ئاشکرا بکات.

فاتمه داوەند کە یەکێک لە شایەتحاڵەکانی "دادگای نێودەوڵەتی خەزەڵوەر" بوو، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاوی کردووەتەوە داوای ئازادی بێمەرجی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت من بەرپرسیارم لە هەموو چالاکییەکانم، کوڕەکەم هیچ پەیوەندییەکی بە چالاکییەکانمەوە نییە و لە هیچ شوێنێکی جیهاندا منداڵ بەهۆی دایکیەوە دادگایی ناکرێت.

هەروەها لە فایلێکی دەنگیی دیکەدا فاتمە داوەند، دەڵێ لە ٢٣ی گەلاوێژدا لەگەڵ کوڕەکەی بردراونەتە سەر سنوور بۆ دیپۆرتکردنەوە و ئەو توانیویەتی خۆی ڕزگار بکات و هەڵبێت بەڵام نەیتوانی کوڕەکەی ڕزگار بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یووسفی، ئاریا تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و تەنیا لە ئیتلاعی ماکۆ پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ماکۆدا ڕاگیراوە.

ئاریا یووسفی پێشتریش بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" سزای ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

فاتمە داوەند دایکی ئاریا دوای ئەوەی لە ساڵی ١٣٩٨ دەسبەسەرکرا، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا، دوای تێپەڕاندنی سێ لە یەکی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا و دواتر بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا لە ئێران نەما و دواتر لە تورکیە دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی کەمپی پەنابەرانی دیپۆرتی کرا.

شایانی باسە ناوبراو لەنێو ئەو شایەتحاڵانەدا بوو کە لە "دادگای نێودەوڵەتیی خەزەڵوەر" کە لە لەندەن، بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو بەبێ داپۆشینی دەموچاوی ئامادە بوو و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئاشکرا کرد و شاهیدی دا.