کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆچکردنی پەرستاران لە ئێران و نیگەرانیی

17:42 - 28 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پەرستارەکان و کادری دەرمان لە ئێران، نوسینگەی پەرستارانی ئێران لەمبارەوە نیگەرانیی دەربڕیوە و دۆخی پەرستارانی نالەبار ڕاگەیاندووە.

محەممەد شەریفی موقەدەم، بەرپرسی خانەی پەرستار، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەردەوامیی کۆچکردنی بەربڵاوی پەرستاران لە ئێران، دۆخی پەرستاری لە ئێرانی نالەبار ناو برد و ڕایگەیاند کە پەرستاران لەوپەڕی بەئەزموونیدا، لەلایەن وڵاتانی درواسێ و وڵاتانی ئورووپاییەوە وەردەگیردرێن.

ناوبراو بە ئاماژە بە وەرگیرانی ١٢ هەزار خوێندکار لە بەشی پەرستاری لە ساڵدا لە زانکۆکانی ئێران، وتی کە ڕێژەیەکی کەم لە دەرچووانی پەرستاری لە ئێراندا کاریان دەست دەکەوەێ.

بەرپرسی خانەی پەرستار ڕایگەیاند کە ئەم ڕێژە کەمەی پەرستارانیش کە وەردەگیرێن پاش بەدەستهێنانی ئەزموون لەلایەن وڵاتانی درواسێ، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپاییەوە وەکوو پەرستاری بەئەزموون وەردەگیرێن.

لە ولاتانی ڕۆژاواییدا بۆ هەر هەزار کەس، ١٠ پەرستار هەیە، بەڵام لە ئێراندا بۆ هەر هەزار کەس تەنیا ١.٦ پەرستار هەیە.

لەم پێوەنییەدا فەرەیدوون مورادی ئەندامی شۆرای باڵای پەرستاریی ئێران لە پووشپەڕی ئەمساڵدا، بە ئاماژە بە کەمبوونی هێزی پەرستار وتی مانگانە ١٥٠ هەتا ٢٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە هۆی کاری زۆر، شیفتی درێژخایەن، تێکچوونی خەو و ماندوویەتی لەلایەک و گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژم بە داواکاری و داخوازییەکانیان، بووەتە هۆی خۆکوژیی پەرستاران و کادری دەرمان و ڕێزیدێنتەکان لە ئێراندا.

تاکوو ئێستا پەرستاران، لە سەرتاسەری ئێراندا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە زێدەکاریی زۆرەملێ، کەمبوونی مووچە، بەڕێوەنەچوونی یاساکان، کاری قورس و زۆر و شیفتی کاری درێژ، چەندین جار لە چوونەسەر کارەکانیان خۆیان بواردووە و کۆبوونەوەی ناڕەزیەتییان بەڕێوە بردووە بەڵام تاکوو ئێستا جگە لە وادە و بەڵێنی ناڕاست هیچ وڵامێکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە.