![](/content/upload/1/news/73764_w920.jpg)
مەولەوی عەبدولحەمید، لە وتاری نوێژی هەینیدا لە زاهێدان، بە ئاماژەدان بە بەڵێنەکانی مەسعوود پزیشکیان، ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت هەندێک لە هەڵاواردنەکان لاببرێن و دادپەروەری جێبەجێ بکرێ. بەڵام کاریگەریی هەڵاواردنەکان هەر دەمێنێتەوە و مەترسیدارە، هەروەها ڕایگەیاند، پێویستە سوننەکان ئازادییان هەبێت و بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان هەست بە ئازادی و ئەمنییەت بکەن.
مەولەووی بە ئاماژە بەوەی کە "هەڵاواردن کاری توندئاژۆکانە و دادپەروەرانە نییە، خوازیاری کۆتاییهێنان بە هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیدا بوو و وتی کە جێی خۆیەتی ژنان، نەتەوە و ئایینەکان لە پێکهاتنی کابینە و حکوومەتی نوێدا بەشدار بن.
لەلایەکی دیکەوە میدیای حاڵ وەش کە هەواڵەکانی پارێزگای زاهێدان بڵاو دەکاتەوە، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ بڵاوی کردەوە، هێزە ئیتلاعاتی و نیامییەکانی ڕێژیم لانیکەم بە ٢٠ ماشین هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی قادرئابادی سەر بە شاری خاش و دوای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان.
خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هێزەکان بەرەوڕوویان بوونەتەوە و تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە و لە ئاکامی ئەو تەقەکردنەدا ژنێک گیانی لەدەست داوە و ٨ کەسێکی دیکەش بریندار بوون .
هەر لەو پێوەندییەدا مەولەوی عەبدولحەمید ڕایگەیاند کە هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک و کوشتنی ژنێک و بریندارکردنی منداڵ و خەڵک جێگای داخە.