کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزینەوەی کۆنترین ڕۆژژمێری جیهان لە باکووری کوردستان

11:25 - 29 گەلاوێژ 2724

کۆنترین ڕۆژژمێر لە مێژووی جیهاندا لە "خرابرەشک"ی باکووری کوردستان دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٢ هەزار ساڵ پێش.

دێرینەناسان ڕایانگەیاندووە هەڵکۆڵینەکانی سەر کۆڵەکە بەردینەیەکی گەورە لە خرابرەشک، کۆنترین ڕۆژژمێری هەتاوی و مانگیی جیهانە.

کۆڵەکەکە ٣٦٥ هێمای بەشێوەی پیتی "ڤی" ئینگلیسیی لەسەر کێشراوەتەوە.

توێژەرانی زانکۆی ئێدێنبرای ئێسکاتلەند سەبارەت بەم هێمایانە ڕایانگەیاندووە کە هەر هێمایەک نیشاندەری یەکێک لە ڕۆژەکانی ساڵ بووە و زیادیشیان کردووە کە ڕۆژژمێرەکە خاوەنی ١٢ مانگی قەمەری و ١١ ڕۆژی زیادەیشە.

هەروەها توێژەرانی ئەم زانکۆیە لە توێژینەوەکانیاندا باسیان لە نیشاندانی ئاڵوگۆڕی هاوینانە لەنێو ڕۆژژمێرەکە کردووە کە بە پەلەوەرێک نیشان دراوە کە لەسەر ملی هێمایەک بە شێوەی پیتی ڤی ئینگلیسی دانراوە.

توێژەران مێژووی ڕۆژژمێرەکەیان بۆ ١٠ هەزار و ٨٥٠ ساڵ پێش زایین گەڕاندووەتەوە.

خرابرەشک یان گرێ ناڤۆکێ کۆنترین دروستکراوی بەردینەی دۆزراوە تا ئەمڕۆ کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە پارێزگای ڕحا یان ئۆرفایە لە باکووری کوردستان.