کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە هەموو بەرەکاندا ئامادەیە

11:35 - 29 گەلاوێژ 2724

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی حەفتانەی کابینەکەیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل لەسەر بەرگریکردن لە خۆی و گەیاندنی خەسارێکی قورس بە هەر کەسێک کە هێرش بکاتە سەریان پێداگرە.

بێنیامین نێتانیاهوو لەم کۆبوونەوەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان وتی: "ئیسرائیل چ بۆ بەرگریکردن لە خۆی و چ بۆ هێرشکردن، ئامادەی وڵامدانەوەی هەموو هەڕەشەکانە".

ئەم هەڕەشانەی نێتانیاهوو ڕوو لە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا پاش ئەوەیە کە نزیک بە ٣ حەفتە لەمەوبەر ڕێبەری حەماس و کەسی دووهەمی حیزبوڵڵا لە تاران و بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران.

پاش کوشتنی هەنییە و فواد شۆکر کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی قورسیان لە ئیسرائیل کرد.

کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەڕەشە توند و یەک لە دوای یەکەکانی بەرپرسانی باڵای خۆی لە ڕۆژانی ڕابردوودا تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکی بۆ کوشتنی هەنییە لە تاران نەداوەتەوە.

ڕۆیتێرز لەم پێوەندییەدا لە زاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە نووسی: "ئێران ڕایگەیاندووە کە تەنیا گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە دەتوانێت پێش بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل بگرێت".

بێنیامین نێتانیاهوو لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە وتووێژەکانی ئاگربەست ڕایگەیاندووە کە وتووێژەکان ئاڵۆزن و  ئیسرائیل لە هێندێک بواردا نەرمی نواندووە بەڵام لە چەند بابەتێکیشدا لەسەر داواکارییەکانی خۆی پێداگرە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنی یەکشەممە بۆ بەئامانجگەیاندنی وتووێژەکانی ئاگربەست سەردانی ئیسرائیلی کرد.

هەرچەند کە ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە وتووێژەکان گەشبینن بەڵام حەماس ئەم گەشبینییەی بە خەیاڵاوی زانیوە.

شەڕی غەززە پاش هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد کە بووە هۆی کوژرانی ١٢٠٠ کەسی مەدەنی و بەبارمتەگرتنی نزیک بە ٢٥٠ کەسی دیکە.

لە کاردانەوە بەم هێرشە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەست پێ کرد و لە ئاکامدا تاکوو ئێستا بە وتەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر دەستی حەماسدایە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس کوژراو و ٩٢ هەزاری دیکەش بریندار بوونە.