کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بەجێماویی منداڵانی پۆلی یەکەم لە خوێندن زیادی کردووە

11:49 - 29 گەلاوێژ 2724

ماڵپەڕی "پەیامێ ما" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، نزیک بە ٢٣ لەسەدی منداڵانی پۆلی یەکەم ناونووسییان نەکردووە.

ئەم ماڵپەڕە لە ڕاپۆرتەکەیدا پەرژاوەتە سەر بەجێماوان لە خوێندن لە ئێران و ڕایگەیاندووە کە بەجێمان لە خوێندن گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت پۆلی یەکەمەکانیش بەهۆی هەژاری و نەبوونی پێداویستییەکان لە هێندێک ناوچەی پەراوێزخراو لە خوێندن بەجێ دەمێنن.

لەم ڕاپۆرتەدا بەپێی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم هاتووە کە ساڵی ٢٣ لەسەدی پۆلی یەکەمەکان لە ساڵی ١٤٠٢ بۆ خوێندن ناونووسییان نەکردووە و لەچاو ساڵی پێشووتری ٤ لەسەد زیادی کردووە.

ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە کە ساڵانێکە ئەم ڕێژەیە بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەکانەوە بەرز بووەتەوە و ٣٠ هەزار منداڵی پۆلی یەکەم بۆ ساڵی نوێی خوێندن ناونووسییان نەکردووە.

محەممەد ڕەزاخا ئەندامی سەندیکای مامۆستایان سەبارەت بە منداڵانی بەجێماو لە خوێندن بەم ماڵپەڕەی وتووە کە "منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان کار دەکەن و بنەماڵەکەیان بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن منداڵەکەیان بنێرنە خوێندن".

ئەم کارناسە سەبارەت بەم بابەتە زیادی کردووە کە هۆیەکی دیکە کە بووەتە بەربەست بۆ خوێندنی منداڵان، ناوچە پەراوێزخراوەکانە.

ڕەزاخا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە نەبوونی پێداویستییەکان لەو ناوچانە و نەبوونی سرویسی مەدرەسە بۆ منداڵانی گوندەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە بەتایبەتی منداڵانی کچی ئەو ناوچانە نەتوانن بخوێنن.

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری حەمیدڕەزا خانمحەممەدی بەرپرسی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە و گەشەی قوتابخانەکان ڕایگەیاندبوو، حەوت ناوچەی ئێران لەگەڵ کەمبوونی قوتابخانە بەرەوڕووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی هەر سیستمێکی پەروەردە لە ئەمڕۆی جیهاندا ئەوەیە کە هەموو جۆرە پێداویستییەکان بۆ خوێندنی خوڕایی منداڵان تا کۆتا قۆناغی قوتابخانە دابین بکات.