کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یادی ٢٥ی گەلاوێژ لە واشنگتۆن

11:51 - 30 گەلاوێژ 2724

کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا  بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەواتەتیی" ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەل و نیشتمان، لەلایەن ڕێبوار سەلیمی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەوە دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئەمریکا لەلایەن جەماڵ مەحموودزادە ئەندامی کۆمیتە خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا باس لە مێژووی پڕ لە شانازیی حیزب و دەسکەوتەکان کرا و ھەروەھا تیشک خرایە سەر ئەو گوشار و زەختانەی دوژمنانی حیزب و گەل کە بەردەوام خستوویانەتە سەر حیزب بۆ وازھێنان لە ویستە نەتەوەییەکانی.

 لە کۆتایی ئەو پەیامەدا باس لە گەورەیی و شێوازی داھاتووبینینیی حیزب کرا کە چۆن ئەو چەند دەیە سیاسەتێکی نەتەوەخوازانەی ھەبوو و ژێرخانی داڕشتنی ئەو سیاسەتە و ئوسوولی حیزبایەتییە کە میراتی شەھیدان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندییە  بۆ حیزب و قوتابییەکانی ماوەتەوە.

لە بەشێکی تردا ڕێبوار سەلیمی بەخێرھاتن و سپاسی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەوانە: نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانی، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد کە لەو یادەدا بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی چەند سروود و پەخشانی شۆڕشگێڕی لەلایەن کاک فایەق عەبدوڵڵایی ئەندامی کۆمیتە و ڕامین ھاشم ڕۆژاوایی و بەشداریی ھاوڕێیان لە ھەڵپەرکێی و شایی کۆتایی پێهات.