کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئەشکەنجە و لێدانی نەرگس محەممەدی

12:21 - 30 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، وەزارەتی دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەبارەی ئەشکەنجەی نەرگس محەممەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل لە زیندانی ئێڤین، نیگەرانیی خۆی لەوبارەوە نیشان دا.

ئەم وەزارەتە هێرشی هێزەکانی ڕێژیم لە زیندان بۆ سەر نەرگس محەممەدی و ژنە زیندانییانی دیکەی زیندانی ئێڤین بەهۆی ناڕەزایەتینیشاندانی ئاشتییانەیان سەبارەت بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی بە "لەڕادەبەدەر ناڕەحەتکەر" ناو برد و مەحکوومی کرد.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە هێرشەکانی دژ بە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕابگرێت و هەموو ئەو زیندانییانەی کە بە ناڕەوا لەو وڵاتە دەسبەسەر کراون ئازاد بکات.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێدانی ژنانی ناڕازی لە زیندانی ئێڤین، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ٢٩ی گەلاوێژ بڵاو کرایەوە لەوبارەیەوە داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتییان کرد.

دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی زیندانییانی ژن لە دژی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لە ١٦ی گەلاوێژدا، هێزەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر ئەو ژنانە و بە تایبەتی نەرگس محەممەدی و بە مشت لە سینگی دەدەن و ناوبراو هەناسەدانی تووشی کێشە دەبێ و لە حەوشەی زینداندا دەکەوێ و ئێستاش بنەماڵەکەی نیگەرانی دۆخی تەندروستیی کچەکەیانن.