کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی: تۆڵەی ئێران دەبێ ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمان بکات

11:39 - 31 گەلاوێژ 2724

نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، کات و بارودۆخی وڵامدانەوەی تاران دەبێ ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمان بکات و پێدەچێت کاتێک ئیسرائیلییەکان چاویان لە ئاسمان و ڕادارەکانیان بێت، لەوانەیە لەسەر زەوی تووشی سەرسوڕمان بن یان تێکەڵەیەک لە زەوی و ئاسمان.

نوێنەری کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کردووە، تۆڵەسەندنەوەی تاران بۆ ئیسرائیل پێویستە بە وردی پێوانە بکرێت بۆ ئەوەی کاریگەریی خراپی لەسەر ئەگەری ئاگربەست لە غەززە نەبێت.

هەر لەو پێوەندییەدا عەلیمحەممەد نائینی، وتەبێژی سپای پاسداران وتوویەتی ڕەنگە چاوەڕوانی بۆ وڵامدانەوەی تاران درێژتر ببێتەوە.

دوابەدوای هەڕەشەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، ئەمریکا هێز و کەرەستەی زیاتری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و هەروەها هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە خێراتر کردووە.

حەوتووی ڕابردوو هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە زاری چەند بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران کە ناوی نەهێنراوە، ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕی کەرتی غەززە بوەستێت، ئێران هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل.

هەروەها جۆ بایدێن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند چاوەڕوانی ئەوەی هەیە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ببێتە هۆی ئەوەی ئێران خۆی لە وڵامی نیزامی بۆ ئیسرائیل بەدوور بگرێت.