وەزیرانی پێشنیارکراوی مەسعوود پزشکییان بۆ کابینەکەی یەک لە دوای یەک پێبەندبوون و پێڕەویکردنیان لە خامنەیی و سیاسەتەکانی پشتڕاست کردەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پێداچوونەوە بە "سەڵاحییەتی وەزیران"ی پێشنیارکراوی پزشکییان بۆ دەوڵەتەکەی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا، وەزیرەکانی کابینەی پزشکییان باسیان لەوە کردووە کە لە سیاسەتەکانی خامنەیی لا نادەن و بە وتەی خۆیان "سەربازی وێلایەتن".
هەر لەم چوارچێوەدا و ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ پێداچوونەوە بە سەڵاحییەتی چەند وەزیرێکی دیکەی پزشکییان لە مەجلیسی ڕێژیم بەڕێوە چوو.
لەم ڕۆژەدا محەممەد ئەتابەک وەزیری پێشنیارکراو بۆ وەزارەتخانەی پیشەسازی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرنامەکانی لە چوارچێوەی ستراتێژی و ڕێکارەکانی گشتیی نیزام و خامنەییدا دەبێت و خۆی بە سەربازی وyلایەت لە قەڵەم دا.
هەروەها وەزیرانی پێشنیارکراو بۆ وەزارەتەکانی میراتی کولتووری، وڵات، زانست، ئێرشاد و نەوت، یەک لە دوای یەک بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەڕێوبەری سیاسەتە گشتییەکانی نیزام و خامنەیی دەبن، دوورەدیمەنی بەرنامەکانیان بۆ دەوڵەتی ٤ ساڵی داهاتووی ڕێژیم، کێشایەوە.
لەم پێوەندییەدا حوسێن سیمایی سەڕاف وەزیری پێشنیارکراو بۆ وەزارەتی زانست بە ئاماژەدان بەوەی کە سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە، خۆی بە داهێنەری کورسییەکانی بیرکردنەوەی ئازادی پەسەندکراوی خامنەیی زانی و هەروەها موحسێن پاکنژاد وەزیری پێشنیارکراو بۆ وەزارەتی نەوت لە سەرەتای قسەکانیدا بە یادکردنەوە لە قاسم سلێمانی و ئیبراهیم ڕەئیسی، هیوای تەمەندرێژیی بۆ خامەنیی خواست و ڕایگەیاند کە بەرنامەکانی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕێبەری ڕێژیمدا دەبێت.
سەرۆککۆماری تازە دەستنیشانکراوی ڕێژیمیش هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە دەیان جار جەختی لەسەر ئەوە کردبووە کە لە سیاسەتەکانی خامنەیی لا نادات و دەوڵەتەکەی دەوڵەتێکی پەسەندکراوی خامنەیی دەبێت.