کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی ''سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان'' بەندکراوانی ناڕازی لە ١٨ زینداندا مانیان لە خواردن گرت

12:36 - 31 گەلاوێژ 2724

زیندانییانی دژ بە سزای لەسێدارەدان بۆ ٣٠هەمین حەوتووی لەسەریەک لە ١٨ زیندانی ئێران مانیان لە خواردن گرت؛ ئەوان لە سێدارەدانیان بە ئامرازێکی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ناو برد.

کەمپەینی " سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ گەیشتە ٣٠هەمین حەوتووی خۆیەوە و زیندانییانی پەیوەست بەم کەمپەینە لە ١٨ زیندان لە سەرانسەری ئێران بەیاننامەیەکیان لەو پێوەندییەدا بڵاو کردەوە.

 لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: درێژەدان و پەرەگرتنی ئەم کەمپەینە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣١٠ کەسیان لە سێدارە داوە و ڕێژیم  ١١٨ کەسی تەنیا لە مانگی گەلاوێژدا لە سێدارە داوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی لە "لە سێدارەدان" وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی خۆی و بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خەڵک کەڵک وەردەگرێت.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، کۆمەڵگای ژنان لە ئێراندا کە دەتوانێ هێزی بزوێنەری گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان بێت، لەلایەن ڕێژیمەوە بووەتە ئامانجی سەرکوتکردنی زیاتر لەسەر شەقام و لە زیندان و لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ١٦ ژن لە سێدارە دراون کە ئەمەش نموونەیەکی ڕوونی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانەی ڕێژیم دژ بە ژنانە کە وەک هێزی پێشەنگ لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکاندا دێنە ئەژمار.