کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەل و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ویستی خەڵکی کوردستان بوو

13:10 - 31 گەلاوێژ 2724

بە بەشداریی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە هێزەکانی زاگرۆس، یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز و پیرۆز ڕاگیرا و بەم بۆنەوە وتەبێژی حیزب، کاک خالید عەزیزی وتارێکی پێشکەش کرد.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێ‌شەممە، ڕێکەوتی ٣٠ گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی بە بەشداریی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێزەکانی زاگرۆس، یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزب بەرز ڕاگیرا و هەر بەم بۆنەوە کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی حیزب، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بۆ جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد.

وتەبێژی حیزب لە سەرەتای قسەکانی‌دا وێڕای پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵوەگەڕی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزب لە ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، ڕۆڵی هەموو ئەو کەسانەی لە حیزبی دێموکرات‌دا ڕۆڵ و تێکۆشانیان هەبووە، بەرز نرخاند.

بەڕێزعەزیزی لە درێژەی وتەکانی‌دا بە ئاوڕدانەوە لە فەلسەفەی دامەزران و وجوودیی حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای بیر و ئەندێشەکانی شەهیدانی ڕێبەر؛ قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی و ڕۆڵ و پێگەی هەزاران کەس لە ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکان، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بە پشتیوانی هەرە سەرەکیی حیزبی دێموکرات زانی و وتی؛ حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە و بۆ هەمیشە پشتی بە گەلی خۆی قایمە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاماژەدان بە دەسکەوتە نەتەوایەتییەکانی حیزبی دێموکرات، وەک؛ دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دانانی سروودی نەتەوایەتی، لە کۆڕی پێشمەرگەکان‌دا بەتایبەتی باسی لە دامەزرانی سپای مللیی کورستان واتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و وتی؛ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان دامەزرا، لە درێژەی ئەرکەکانی‌دا پارێزگاریی لە بیر و باوەڕەکانی حیزبی دێموکرات کرد و دوای ئەوەیکە پەیامی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە هێرش بۆ سەر کوردستان و سەرکوتی خەڵک وڵامی درایەوە، ئەوە تەنیا هێزی پێشمەرگە بوو کە قارەمانانە داکۆکیی لە خاک و خەڵکی کوردستان کرد و بوو بە جێی هیوا و شانازی بۆ حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان.

هەر لەم پێوەندییەدا بەڕێز کاک خالید عەزیزی بە سەرنجدان بە هەلومەرجی ئێستای خەباتی حیزبی دێموکرات، باسی لە پشتیوانیی هەمەلایەنەی حیزبی دێموکرات لە جموجۆڵە مەدەنی و جەماوەرییەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات کرد.

لە کۆتایی وتەکانی‌دا کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب بە بۆنەی ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە دوو ساڵ پێش ئێستا و لە ٣٠ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی ڕووی ‌دا، وێڕای پیرۆزبایی ئەم دەسکەوتە مەزنە لە ڕیزەکانی حیزب و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی بە ویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی یەکگرتووخوازانەی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب زانی.

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هێزەکانی زاگرۆس کە لە چەند بڕگەیەکی دیکەی پێشمەرگانە و هونەری پێکهاتبوو، لەنێو شایی و هەڵپەڕکیی بەشداران‌دا کۆتایی پێهات.