ئەلبورز ڕوویینتەن
لە مانگی گەلاوێژدا یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن حیزب و نەتەوەی کوردەوە دەکرێتەو. بەرزڕاگرتنی ئەو یادە لە شوێنی جیاوازی دونیا لەلایەن دڵسوزان و لایەنگرانی حیزبەوە، بەڵگەی گەورەیی ڕێکخراوێکی کاریگەرە کە تا بە ئەمڕۆ کە هەشت دەیە لە خەبات و تێکۆشانی تێپەر بووە، بەڵام دیسان لە سۆنگەی جیاوازەوە جیگای هیوا و دڵگەرمی دۆست و جێگای نیگەرانیی نەیارانیشە.
لە ڕەوتی ئەو هەشت دەیەدا حیزب بەرەوڕووی زۆر کەند و کوسپی جیاواز بۆتەوە، زۆر ڕۆژی ئەستەمی تێپەڕ کردوە، بەرهەمی بەنرخی نەتەوەییشی هەبوون، چوارچێوەی خەباتی زۆر فیداکاری گەلەکەمان بووە کە بە قوربانیدانیان بۆ درێژەدان بە خەبات و گەیشتن بە ئامانجەکانی حیزب کە ئامانجەکانی گەلە بوونەتە هۆکاری بەردەوامی و بە شەکاوەی هشتنەوەی ئاڵای خەبات تێکۆشان. تەنانەت بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین یەکێک لەو هۆکارانەی کە کوردستان ئەمڕۆ لە زۆر ئاستەوە جیاواز بە شێوەیەکی ئەرێنی دەردەکەوێ لەژێر کاریگەری خەباتی ئەو حیزبە بووە.
بێگومان لە ڕەوتێکی نزیکەی یەک سەدە لە خەبات تێکۆشان حیزبێکی وا کاریگەر بێ هەڵە وکەم وکوڕییش نابێ، بەڵام ئەوەی وەک تاکێکی کورد ئێستاش دەتوانین بە شانازییەوە باس لە ئەندام بوون لەو حیزبە بکەین بۆ سیاسەتە دروستەکانی، قارەمانی بێوینە و فیداکاریی لە ڕادەبەدەر و نەتەوەییبوون و بە گەوهەری کوردایەتی بوونی ئەو حیزبە بووە کە لە زۆر بابەتەوە بێئەوەی زێدەڕویی تێدا بێ دەتوانین بە دەگمەنیشی بزانین.
هەمووی ئەو هەشت دەیە کە چرکە بە چرکەی شوێنپەنجەی فیداکاریی ڕۆڵەکانی گەلە لەو چوارچێوەیەدا پێناسە دەبێت و دەتوانین بە شانازییەکی گەورەش ناوی ببەین. شانازییە چونکە بەردەوام لەپێناو دەستەبەری سەروەری و بەدژی ژێردەستەیی وەک چقلێک بووە لە چاوی دوژمناندا، شانازییەکی گەورەیە چونکە ئەگەر سەرکەوتنی کۆتایی واتە ڕزگاریی کورد و کوردستان هەتا ئێستا بەدی نەهاتووە، بەڵام نەیهێشتووە داگیرکەرانیش ئاسوودەیی بە خۆیان ببینن و پیلانەکانیان بۆ نەهێشتنی کورد بەئاسانی جێبەجێ بکەن و تەنانەت هۆی مانەوەی شوناسخوازی کورد وەک کورد لە ئەمڕۆ ئەو خەباتە بووە.
ئەو شانازییە زۆر گەورەیە، هەر بۆیە تێکۆشەران لە قوناغی جیاوازدا، تەنانەت ئەوکاتەی حیزب لە ڕادەبەدەر لاواز و پڕ لە گرفتیش بووە، هەر دیسان ئەو سەنگەرەیان وەک سەکوی بەردەوامی بوژانەوە و خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردوە، هەر واش بەردەوام دەبێ، ئەوەی زۆر جار دەگوترێ چ شانازییەک گەورەتر لەوەی لە حیزبی نەمران پێشەوا، قاسملوو، شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی دیکەداین تەنیا دروشم نییە بەڵکوو هەڵگری ئەو ڕاستیەیە کە ئەو چوارچێوەیە کە ئامرازی گەیشتن بە ئازادی گەڵی خۆمان دەبینن وەک نرخێک سەیر دەکرێت.
لە سەر مێژووی شانازی و هۆکارەکانی هەرچی بگوترێ هەر کەمە، بەڵام بوون لەو چوارچێوەیە ئەوە لە ئێمە دەخوازێ بەو شانازییەوە لە داهاتووی خەبات لەو سەنگەرەدا بڕوانینن. چونکە هەموومان لە بەرانبەر ڕابردوووی پڕ لە شانازی، دۆخی پڕ ئەستەمی ئێستا و داهاتووی نەوەکانی ئەو نەتەوەیە ئەرکدارین. ئەو ئەرکەش ئەگەر بە ئازادیی گەلەکەمان و ڕزگاریی نیشتمانی ناوزەد بکەین ئەرکێکی قورسە و پێویستە بە هەموو شیوەیەک کاری بۆ بکەین. چونکە هەر چرکەیەک لە ژێردەستەیی کارەساتێکی دیکەی بە دوایەیە و ئەو کارەساتە تەنیا ڕووبەڕووی مرۆڤ و نەتەوە و ماف و ئازادییەکانی نییە، بەڵکوو تەنانەت سروشت و ئاژەڵەکانی کوردستانیشی گرتۆتەوە، و بەردەوامیی ژێردەستەیی وەک بەرەوامیی کارەساتە.
بۆیە ئێمە کە ڕەگمان لە شانازی مێژووی ڕابردوودایە بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەرکی ئێستامان بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی جیاواز و ئازاد و سەرەوەری وردببینەوەو پێویستە لە چونیەتی سەرکەوتن لە جێبەجێ کردنی ئەرکمان تێبفکرین و ڕێکاری سەردەمیانەو شێوازی نوێ کە ئاوێتەی باوەڕی کوردایەتی ڕابردووی پڕ لە شانازیمان هەیە بگرینە بەر.
بۆ ئەو مەبەستە پێویستە گوێ لە مامۆستای ڕێنیشاندەر واتە مێژوو بگرین و پێداچوونەوە بەو ڕێکارانە بکەین بۆوەی بتوانین ڕێگای سەرکەوتن مسۆگەر بکەین. مێژوو پێمان دەڵێ حیزب دەبێ پەرە بۆ ڕەگداکوتانی گوتاری نەتەوەخوازی بدات، چونکە ئەم حیزبە دامەزراوەی چارەسەری سەرەکیترین پرسی گەلەکەیەتی کە پرسی نەتەوە و ئازادی و ماف و ڕزگاریی نیشتمانە. بۆ سەرکەوتنی ئەو داوایە، و ئەو فەلسەفەی خەبات یا وێژمانی سیاسیە، پێوستە وانەکانی سەرۆککۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەرانی دیکەی شەهیدمان بکەینە سەرمەشقی خەبات کە بە بەردەوامی پێیان لەسەر پێویستیی بە جەماوەریکردنی خەبات کردۆتەوە. بێگومان ئەگەر خەبات ببێتە خەباتی هەمووان، داگیرکەرانیش ناتوانن بۆ ساتێکیش لە حوکمڕانیی دیکتاتورانە، توتالیتەرانە و داگیرکەرانەی خۆیان لە کوردستان بەردەوام بن.