کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە شەڕاژۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان

11:19 - 1 خەرمانان 2724

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتارێکدا کە ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سپای پاسداران لەهەوڵدان تاکوو بازنەیەکی ئاگرین بە دەوری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئیسرائیلدا دروست بکەن.

یێسرائیل کاتز لەم وتارەدا دەڵێت: "هەڵبژاردنی یەحیا سێنوار وەک بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی حەماس دوو ڕاستیی مەترسیدار دەسەلمێنێت، یەکەم ئەوەی کە لە ئێستادا حەماس کە میلیشیایەکی تەواو سەر بە ڕێژیمی ئێرانە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە گرووپێکی توندڕەوە کە لەسەر تاوانەکانی بەدژی مرۆڤایەتی جەخت دەکاتەوە و پێداگرتر دەبێت. دووهەمیش ئامانجی حەماس وەک میلیشیای ڕێژیم، وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئایەتوڵڵاکانی تارانە، واتا سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر خەریتەی جیهان".

کاتز بەم پێیە ڕایگەیاندووە کە حەماس ئامادەیە تاکوو خەڵکی غەززە بکاتە قوربانی بۆ ڕێژیمی بێبەزەیی و ژینۆسایدکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هێناویەتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانیکردن لە گرووپە توندئاژۆکان و دابینکردنی پارە و چەکوچۆڵەکانیان لە هەوڵدایە تاکوو دەسەڵاتداریی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستینییەکان و دواتریش دەوڵەتی ئۆردۆن لێک هەڵوەشێنێتەوە.

کاتز زیادی کردووە کە سپای پاسداران باڵی سەرەکیی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ پەرەدان بە تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانە و دەبێت کۆمەڵگەی جیهانی، سپای پاسداران وەک گەورەترین ڕێکخراوی تێرۆریستی لە جیهاندا بناسێت و گەمارۆی قەرەبوونەکراوی دیکە بەسەریدا بسەپێنێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا و بەپشتبەستن لە لێکدانەوەکانی ڕایگەیاندووە، جیهان دەبێت ئەوە بزانێت کە دروستکردنی وەها بازنەیەکی ئاگرین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، پێشەکییەکە بۆ شەڕگەلێکی گەورەتر لە جیهاندا و هۆشداریی داوە کە هیچ ڕێگایەکی هەڵاتن لەم ڕاستییە نییە مەگەر ئەوەی کە جیهان لە کاتی خۆیدا سەرنج بداتە ئەم هۆشدارییانە.