کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزشکییان: بە ڕێکەوتن لەگەڵ ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان و سپای پاسداران، وەزیرەکانمان پێشنیار کرد

11:24 - 1 خەرمانان 2724

هەموو ئەو وەزیرانەوەی کە لەلایەن مەجلیسی کۆماری ڕیژیمەوە دەنگی متمانەیان بەدەست هێنا، پێشتر لەلایەن مەسعوود پزشکییان بە هاواهانەگی لەگەڵ خامنەیی و ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان و سپای پاسداران پەسەند کراون.

مەسعوود پزشکییان، لە قسەکانیدا پێش ڕاگەیاندنی دەنگی مەجلیس، وتی لیستی وەزیرەکان لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کراوە و پێشتر هەموو لیستەکانی داوەتە خامنەیی و هەموو ئەو کەسانە بە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن هاتوون. ئەو کەسانەی کەمێک گومانیان لەسەر بووە، نەخراونەتە نێو لیستەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد ئەم کەسانە و وەزیرانی پێشنیارکراوی دیکە هیچ ناکۆکییەکیان لەگەڵ ویلایەتی فەقی نییە و وتیشی: "ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوە ئەمنییەکان و سپای پاسداران و ڕێکخراوی ئیتلاعات ڕێککەوتین و ئەم لیستەی کابینەیەمان خستەڕوو".

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پێداچوونەوە بە "سەڵاحییەتی وەزیران"ی پێشنیارکراوی پزشکییان بۆ دەوڵەتەکەی لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیدا، وەزیرەکانی کابینەی پزشکییان باسیان لەوە کردووە کە لە سیاسەتەکانی خامنەیی لا نادەن و بە وتەی خۆیان "سەربازی ویلایەتن".

سەرۆککۆماری تازە دەستنیشانکراوی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە دەیان جار جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە پەیڕەوی سیاسەتەکانی خامنەیی و سیستمی ویلایەتی فەقێ دەبێت.