کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکچوونی کەرتی پەروەردە لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

12:01 - 1 خەرمانان 2724

لە سێبەری لاوازی و ناکارامەیی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیمدا، نێونجی کۆنمرەی قوتابییان لە سێ ساڵی کۆتایی قۆناغی دواناوەندیدا، گەیشتووەتە ١٠.٨٩ .

ڕۆژی چوارشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، موحسن زارعی، بەرپرسی ناوەندی هەڵسەنگاندنی کوالێتیی پەروەردەی ڕێژیم، نێونجی کۆنمرەی قوتابییان لە سێ بواری زانستی تەجروبی، بیرکاری و زانستی مرۆیی لە پۆلی ١٢دا، ١٠.٨٩ لەسەد ڕاگەیەندراوە و ئەوەی بە باش ناو بردووە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، نێونجی کۆنمرەی قوتابییانی ساڵی ئاخر لە بواری زانستی تەجروبی ١٢، لە بواری بیرکاری ١١.٨٢ و لە بواری زانستی مرۆیی ٩.١٣ لەسەد بووە.

لەکاتێکدا کە ئاماری بڵاوکراو لەلایەن خودی ڕێژیمەوە ئاماژە بە نالەباربوونی دۆخی پەردەوە لە ئێراندا دەکات، موحسن زارعی ئەم ئامار و ژمارەیە بە شتێکی باش دەزانێ.

لەلایەکی دیکەوە و بە پێچەوانەی ئیدعای بەرپرسی ناوەندی هەڵسەنگاندنی کوالێتیی پەروەردەی ڕێژیم، چالاکانی سێنفیی مامۆستایان ئەم ئاکام و نمرانە بە نیشانەی لاوازی لە سیاسەتداڕێژیی وەزارەتی پەروەردە دەزانن.

پاش بڕیاردان بۆ دانانی ئاخوندەکان لە جیاتی مامۆستایان لە ڕاستای بەرەوپێشبردنی سیاسەتە کۆنەپەرەستانەکانی ڕێژیم، تێکدانی نیزامی پەروەردەی ئێران خێراییەکی زۆرتری بەخۆوە بینیوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران سەبارەت بە دانانی ئاخوندەکان لە جیاتی مامۆستایان لە قوتابخانەکان و گەڕانەوە بۆ قۆناغی "مەکتەب خانە" و ئاسەوارە مەترسیدارەکانی هۆشدارییان دابوو.