کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی مافەکانی مرۆڤی ئێران: بەندکراوانی سیاسی بەئەنقەست لە خزمەتگوزاریی دەرمانی بێبەش دەکرێن

12:06 - 1 خەرمانان 2724

لێکۆڵینەوەکانی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران دەریدەخات کە لە ١٠ی جۆزەردانەوە تا ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لانیکەم ٣٤ زیندانیی سیاسی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و بە ئەنقەست لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە گونجاوەکان، لەوانەش دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان یان ڕەوانەکردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکان لە دەرەوەی زیندان بێبەشن.

کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ ساڵی ١٤٠٣ بڵاو کرایەوە، هۆشداری دا کە درێژەدان و چڕبوونەوەی ئەو سنووردارکردنانە ژیانی زۆرێک لە زیندانییانی سیاسیی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاربەدەستانی ڕێکخراوی زیندانەکان، لە ڕێگەی سەپاندنی ئەو گوشارانە، هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی زیندانییانی سیاسی دەدەن کە بەرامبەر بە چەندین حوکمی ئێعدام و حوکمی سەرەڕۆیانەی دادگاکان ناڕەزایەتی دەر دەبڕن.

دەرەنجامەکانی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران نیشان دەدات کە دەسەڵاتی قەزایی و ڕێکخراوی زیندانەکان ڕاستەوخۆ لە بێبەشکردنی زیندانییانی سیاسی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوازیی تایبەت ڕۆڵیان هەبووە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، زەوتکردنی بە ئەنقەستی مافی چارەسەری پزیشکی بە ئامانجی تەواو سیاسییەوە بەڕێوە دەچێت و بەشێک لە هەڵمەتی سەرکوت و تۆقاندن و تیرۆر لە نێو چالاکانی مەدەنی و نەیارانی سیاسیدایە.