کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووچەی ١٣ هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ئێران بڕاوە

12:38 - 1 خەرمانان 2724

بێهرووز مروەتی چالاکی بواری مافی کەمئەندامان ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنا باسی لە بڕانی مووچەی ١٣ هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت و یارمەتیخوازی ڕێکخراوی بێهزیستی کردووە.

مروەتی ڕایگەیاندووە کە بڕانی مووچەی ئەم کەسانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ دۆخی بژیوی ژیانی ئەم کەسانە و ٢٠ تا ٣٠ هەزار کەس لە نزیکانیانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

ئەم چالاکە سەبارەت بە بڕانی مووچەی ئەم ١٣ هەزار کەسە کە ٦٠ لەسەدیان لە کەمئەندامان پێک هاتوون زیادی کردووە کە قەیرانەکە پاش ئەوە سەری هەڵدا کە پێدانی مووچەی ئەم کەسانە لە کۆتاییەکانی بانەمەڕی ئەمساڵەوە خراوەتە ئەستۆی ڕێکخراوی ئامانجدارکردنی "یارانەکان" و لەو کاتەوە ئەم ڕێکخراوە خۆی لە پێدانی مووچە بەم ١٣ هەزار کەسە بواردووە.

بڕانی مووچەی ئەم ١٣ هەزار یارمەتیخوازەی ڕێکخراوی بێهزیستی، دۆخی ژیانی بنەماڵەکانیانی خستووەتە ژێر مەترسییەوە و هەروەها دەستپێڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە دەرمانی و پەروەردەییەکانی بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوە و دۆخی ژیانیانی ئەستەم کردووە.

بڕانی مووچەی خاوەن پێداویستییەکانی ئێران لەکاتێکدایە کە پاش تێپەڕبوونی شەش ساڵ لە پەسەندکرانی یاسای پشتیوانی لە کەمئەندامان، هێشتا ئەم یاسایە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و تێچووەکانی ژیانیش ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بووەتەوە.

جێی باسە کە مووچەی خاوەن پێداویستییەکان کەمتر لە ٢ میلیۆن تمەن بوو کە پێشتر مروەتی سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندبوو، ئەم بڕە پارەیە ئەوەندە کەمە کە کێشەکانی ئەم کەسانە چارەسەر ناکات و ناتوانن تەنانەت خۆراکە پێویستەکانیش دابین بکەن.